بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان رایگەیاند، لە ئێستادا شەپۆلێکی تا و کۆکە و هەناسەتوندی و خیزەی سنگ لە ناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵان.
د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان بڵاویکردەوە، “لە ئێستادا شەپۆلێکی تا و کۆکە و هەناسەتوندی و خیزەی سنگ لە ناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵان، بەشێک لە تووشبوان منداڵی تازە لەدایکبوون، بەشی هەرە زۆریان تووشبووی ڤایرۆسین، بەشێکی کەمیشیان تووشبووی بەکتریان”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەگەر حاڵەتەکان سووکبوون دەکرێت هەر لە ماڵەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەگەر هەناسەیان زۆر تووند بوو، شیر خواردن یان خواردنیان باش نەبوو، لێو شینبوونەوەیان هەبوو، گەشکەیان تووشبووبوو، هۆشیان خراپ بوو، نیشانەکانی ووشکبوونەوەیان هەبوو، تەمەنیان بچووکتر بوو لە ساڵ، یان رشانەوەیان هەبوو، دەبێت بەزووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ ئەوەی پزیشکی پسپۆڕ چارەسەر بۆ منداڵەکە بکات”.
داوایشیکرد، “خۆتان بەدووربگرن لە دەرمان و پشکنینی ناپێویست، چونکە هەزاران جار مەترسیدارترە لە خودی نەخۆشیەکە ئەگەر پێویستی نەبێت”.