لە سێ زانكۆی هەرێم 9 تاقیگەی زانستی بە پاڵپشتیی ئەمریكا دروستدەكرێن

ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، لە زانكۆ پۆلیتەكنیكەكانی هەرێمی كوردستان بە بڕی 650 هەزار دۆلار 9 تاقیگەی زانستی بە نوێترین ئامێرى زانستیى سەردەمیانە بونیاد دەنرێن.

راگەیاندنى ئەو پڕۆژەیە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا هات کە بەئامادەبونى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەت بەڕێوەچوو.

وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسى حکومەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و باڵیۆز و کونسوڵى ئەمریکاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرد، هەروەک سوپاسى ڕێکخراوى (USAID) ئەمریکى کرد بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە كە بە “گرنگ” ناویبرد.

وتیشى، “ئەم پڕۆژەیە بە بڕى 650 هەزار دۆلار لە هەرسێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) جێبەجێ دەکرێت، کە پێکدێت لە دروستکردنی 9 تاقیگەی زانستی بە نوێترین ئامێرى زانستیى سەردەمیانە، هاوکات بۆ هەریەک لەم تاقیگانە راهێنانى تایبەت بە ستافى ناوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان دەکرێت بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن”.

د. ئارام روونیشکردەوە، پڕۆژەکە هەنگاوێکى گرنگە بە ئاراستەى بایەخدانى زیاتر بە گەنجان و لاوان بۆ بەرزکردنەوەى توانا و کارامەییان لە بوارى تەکنەلۆژیاى زانیارى بەتایبەت لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ) راهێنان بکەن و ئەو کارامەییانە فێربکرێن، کە بۆ بازاڕى کارى نێوخۆیی و نێودەوڵەتى گرنگن.

سەبارەت بە پرۆگرامەکانى خوێندنى ئەو تاقیگەکانە، وەزیری خوێندنی باڵا ئاشکرایکرد کە پرۆگرامەکان بەشێوەیەکى ستاندارد بەهەماهەنگیى نێوان زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان و هاوبەشەکانیان لە ئەمریکا و کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازى دادەڕێژرێن و بەشێوەیەکى بەردەوامیش نوێ دەکرێتەوە.

پاشان ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند، ئەو تاقیگەیانە دەبنە وێستگەیەکى گرنگ بۆ یارمەتیدان و راهێنانى خوێندکاران بەشێوەیەکى سەردەمیانە، بەشێوەیەک دەتوانن کێبرکێ نەک تەنها لەسەر ئاستى کوردستان، بەڵکو لە بازاڕى جیهانیش کێبڕکێ بکەن و بناغەیەکى پتەو بۆ خەڵکى دیکە لە کوردستان دروست دەکات تا بەجیهانى دەرەوە لە رووى بازرگانى و کەلتوورییەوە ببەسترێتەوە.

دوپاتیشیکردەوە، جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە پابەندبوونى وڵاتەکەیان بۆ پشتیوانیکردنى کەرتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دەدات، لەهەمانکاتدا ئاماژەیەکیشە بۆ فراوانکردنى ئاستى پەیوەندییەکانیان لە رووى بازرگانى و وەبەرهێنان.

 

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی دزراو بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێنێتەوە

بابەتی دواتر

دوو پێشمەرگە بەهۆی هەورەبروسكەوە برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی: بەهێزكردنی قەوارەی هەرێم لە رێگای هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد لە وادەی خۆیدا دێتە دی

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبووەوە و تەئكیدی لەسەر تەواوكردنی ئامادەكاریی یەكێتی…
Total
0
Share