بلۆمبێرگ: گورزێكی نوێ بەر نەوتی هەرێم كەوت

ئاژانسی بلۆمبێرگ ئاشكرایدەكات، بەهۆی هەڵسوكەوتێكی مەسرور بارزانی-یەوە كۆمپانیایەكی جیهانیی بواری نەوت كۆتایی بە گرێبەستەكەی لەگەڵ هەرێم هێناوە.

ئاژانسەكە لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، كۆمپانیای ترافیگورا (Trafigura Group) کۆتایی بە گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کوردستان هێنا دوای ئەوەی لە داڤۆس بێڕێزی پێكرا.

بلۆمبێرگ كۆمپانیاكەی بە “زەبەلاح” ناوبردووە و سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە گرێبەستەكەش دەڵێت، “گورزێكی نوێیە لە توانای هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بەشێوەی سەربەخۆ”.

لەسەر زاری كەسێكی ئاگادار لەو پرسە روونیكردەوە، جیابوونەوەی رێگاکان دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیاكە نەیتوانیوە دانوستان لەسەر مەرجەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش دوای دابەزینی نرخی نەوتی هەرێم.

ئاشكراشیكرد، دوای ئەوەی حکومەتی کوردستان رەتیکردەوە دانوستان بکاتەوە، كۆمپانیای ترافگورا هیواکانی لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس هەڵچنی، بەڵام کۆبوونەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی هەفتەی رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانیی-یەوە لە کۆتا خولەکدا بەبێ روونکردنەوە هەڵوەشێنرایەوە.

ترافگورا، یه‌كێكە له‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی بواری بازرگانی كاڵاكان له‌ جیهان و، وەك ئەوەی لە ناسنامەكەیدا هاتووە، كاری سەرەكی بریتییە لە گواستنەوەی کاڵا فیزیکییەکان لەو شوێنانەی کە زۆرن بۆ ئەو شوێنانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.

بڕیاری كۆمپانیاكە لەكاتێكدایە دوێنێ بڵاوكرایەوە ژووری بازرگانیی پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، سکاڵایەکی عێراقی دژی تورکیا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە، ئەگەرچی ناوەرۆكەكەی ئاشكرانەكراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی عێراق و دژ بە هەرێم و توركیا دەرچووە.

عێراق سکاڵاکەی لە ساڵی 2015دا لەسەر تورکیا تۆمارکرد، بەهۆی رێگەدان بە فرۆشتن و رۆیشتنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو وڵاتەوە، عێراق داوای 26 ملیار دۆلاری لە تورکیا وەکو قەرەبوو کردووە.

سایتی دەنگی ئەمریكا لە زاری بیلال وەهاب، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن رایگەیاند، “دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری لەسەر سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا دەرکردووە، بەڵام هێشتا بڕیارەکەی رانەگەیاندووە”.

وتیشی، “دادگا بڕیار راناگەیەنێت، دەبێت عێراق یان تورکیا رایبگەیەنێت، تورکیا راینەگەیاندووە، چونکە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی نییە، عێراق رەنگە لەژێر فشاری تورکیادا راینەگەیەنێت”.

بابەتی پێشتر

نیشانە پێشوەختەکانی جەڵتەی دڵ لە ژناندا

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێک: بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە مووچەی فەرمانبەران 30% دابەزیوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share