سەرۆككۆماری عێراق وتارێك لەبارەی گۆڕانی ئاووهەواوە پێشكەش دەكات

نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئاشكرایكردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا سەرۆكی عێراقیان دیاریكردووە بۆ ئەوەی، وتاری هەبێت لە پێنجەمین لوتكەی ئاووهەوای جیهاندا.

 لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 12ی كانونی یەكەم، نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاندووە، “گۆڕانی ئاووهەوا یەكێكە لە كەیسە هەرە گرنگ و بەپەلەكانی سەردەمەكەمان، لوتكەی ئاووهەوا ئەمڕۆ بواردەدات بە وڵاتان بۆ ئەوەی پابەندبن بە ڕێگایەكی نەرمونیان و بەردەوام، هەروەها جیهانیش دەخاتە سەر ڕێگایەكی ڕاست بۆ ئەوەی بگەینە ڕێژەی سفر لە دەردراوە زیانبەخشەكان و دانانی سنوورێك بۆ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای جیهان بۆ 1.5 پلەی سەدی”.

نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەشداربووان لە لوتكەكەدا پێشوازییان لە ڕەزامەندیی عێراق كردووە لەسەر ڕێككەوتنی پاریس و پابەندبوونی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنێكی بوێرانە و نوێ بۆ كەمكردنەوەی دەردراوە كاربۆنییەكان، ئەوەش لەڕێگای هەنگاونان بۆ بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، “عێراق لە وڵاتانی جیهان زیاتر كاریگەرە بە گۆڕانی ئاووهەوا، ئەوەش وا دەكات پێویست بێت ڕێوشوێنی خێرا بۆ ئەو مەبەستە بگرێتە بەر ئەگەر بمانەوێت ژینگەی نەوەی داهاتوو پارێزراو بێت”.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە بەردەم 70 سەركردەی وڵاتانی جیهان كە لەنێویاندا پاپای ڤاتیكان هەیە، لەبارەی گۆڕانی ئاووهەواوە وتارێك پێشكەش بكات.

بابەتی پێشتر

جێگری سەرۆكی پەرلەمان: هەر ڕێككەوتنێك پێچەوانەی یاسای قەرز بێت پوچەڵە

بابەتی دواتر

نوسینگەی كازمی ڕاگەیەنراوێك لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێم بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share