مین و بەفر و هەورە تریشقە.. مەترسییەكانی زستانی هەرێم

لە كۆتا مانگی پایزداین و زستان لەپێشە، لەپاڵ ئەوەی هاوڵاتییان ئارەزووی باران دەكەن و جوتیارانیش دەیانەوێت وەرزێكی تەڕ بێت بۆ ئەوەی بەروبومیان پێبگات، ئەو وەرزە كۆمەڵێك مەترسی لەگەڵ خۆیدا دێنێت و هەندێك جار قوربانییش هەن.

لەپاڵ مەترسییەكانی بەفر و لافاو، لە سنووری گەرمیان و ئەو ناوچانەی مینی سەردەمی شەڕەكانی لێ ماون، بەهۆی بارانەوە مینەكان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەكانی دیكە و ئەوەش مەترسیی گەورەی دروستكردووە.

“باران مینەكان دەگوازێتەوە بۆ ناوچەكانی دیكە”

بەشێكی گوند و ناحیەكانی گەرمیان هاوسنوورن لەگەڵ ئێران، بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی نێوان عێراق و ئێران مینێكی زۆر لەو ناوچانە ماون، لەكاتی بوونی بارانی زۆر و دروستبوونی لافاو مینەكان دەجوڵێن.

لەوبارەیەوە ئاكۆ محەمەد، لێپرسراوی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەموو ساڵێك لە وەرزی باراندا مەترسی ئەوە لە گەرمیان سەرهەڵدەدات كە بەشێك لە مینەكان بەتایبەت ئەوانەی كە پلاستیكین ئاو ڕایاندەماڵێت و دێنە ئەو ناوچانەی كە پاككراونەتەوە لە مین، یان خۆیان ناوچەیەكی پاكن”.

ئاكۆ محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، “كێشەیەكی دیكەی وەرزی زستان ئەوەیە، هەندێك مین هەن لەژێر خۆڵن، بەڵام باران و ئاو وا دەكات دەربكەونەوە، ساڵی پار لە قولەبەرز مین دۆزرایەوە كە بەس پێشبینی ئەوە نەدەكرا، پێش چەند ڕۆژێكیش لە گوندی عیسایی مین دەركەوت كە ناوچەیەكە پاككراوەتەوە”.

هۆشداری دەدرێت

لێپرسراوی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە گەرمیان ئاماژەی بەوەكرد، “تیمی هۆشیاریمان هەیە بەردەوام بە گوندەكاندا دەگەڕێن و خەڵكی لە دەركەوتنی مین و مەترسییەكانی ئاگادار دەكەنەوە و ژمارەی پەیوەندیكردن جێدەهێڵن، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكی ئاوادا لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكرێتەوە”.

هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی “نابێت بەهیچ جۆرێك هاوڵاتییان خۆیان دەست بۆ مین ببەن لە ئەگەری دەركەوتنیدا، چونكە دوایین هەڵەی مین كۆتا هەڵەیە و تووشت دەكات یان دەتكوژێت یان كەمئەندامت دەكات، ئەوانەی مین هەڵدەگرنەوە كەرەستەی پێویستیان پێیە و ڕاهێنانیان كردووە”.

هەورە تریشقە یەكێك لە مەترسییەكانی وەرزی زستان

لە وەرزی زستاندا هەرچەندە زۆرجار لایەنەكانی پێشبینەكەر بۆ كەشوهەوا لە بوونی هەورە تریشقە و بەفر و لافاو هاوڵاتییان ئاگادار دەكەنەوە، بەڵام ساڵانە بەو هۆیانەوە هاوڵاتییان دەبنە قوربانی.

سەبارەت بە مەترسییەكانی هەورە تریشقە، بژار ئەحمەد، بەرپرسی بەشی پێشبینیی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەورە تریشقە هاوەڵی شەپۆلەكانی باران بارینە، دەتواندرێت پێشبینیی ڕودانی بكەیت وەك ئەگەرێك بەڵام ناتوانیت پێشبینی بكەیت كە لە ناوچەیەكی دیاری كراو ڕودەدات”.

ئەو بەرپرسەی كەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “مەترسیی هەورە تریشقە لە وەرزی زستاندا وەك مەترسییەكی گەورە تەماشا ناكرێت بەراورد بە بەفر و باران، بەڵام كێشەی هەورەتریشقە ئەوەیە كە گەر بەر كەسێك بكەوێت ئەوا بە ئەگەرێكی زۆرەوە دەیكوژێت، هەرچەندە وێڕای بوونی حاڵەتەكە دەتوانین بڵێین ڕوداوێكی دەگمەنە لە هەرێم”.

ڕێگاكانی خۆپارێزی لە هەورە تریشقە

سەبارەت بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە هەورە تریشقە، ئەو بەرپرسەی كەشناسیی هەرێم وتی، “چەند ڕێنماییەك هەن بۆ خۆپارێزی لە هەورە تریشقە لەوانە، دووركەوتنەوە لە شوێنە بەرزەكان و زنجیرە شاخەكان و گردەكان و ئەو باڵەخانانەی كە بەرزن، ئەگەر لەسەر شاخێك یان گردێك بوویت و شەپۆلێكی هەورە تریشقە هات پێویستە دوور بكەویتەوە لە ژێر دارەكان چونكە هەورە تریشقەیان بەردەكەوێت، پێویستە خۆت نزم بكەیتەوە و بە بەرزی نەمێنیتەوە، گەر لەنێو ئۆتۆمبێلەكەشت بوویت بمێنەرەوە و مەیە دەرەوە چونكە ئەو كات مەترسییەكەی ناڕاستەوخۆ لەسەرتە”.

“بەفر گەورەترین مەترسیی زستانە”

بەرپرسی بەشی پێشبینیی كەشناسیی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات، “لەڕووی كەشناسییەوە گەورەترین مەترسیی زستان، بارینی بەفرە، چونكە مەودای بینین كەمدەبێتەوە و مەترسیی ڕوداوی هاتوچۆ هەیە، بۆیە پێویستە لەو بارەدا گەشت نەكرێت و تا بتوانرێت هاتوچۆ نەكرێت”.

بژار ئەحمەد داواشی لە هاوڵاتییان كرد، لەڕێی میدیاكانەوە یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چاودێریی پێشبینییەكانی كەشوهەوا بكەن بەتایبەت ئەو ڕێنمایی و پێشبینییانەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویان دەكاتەوە بۆ ئەوەی بەدوور بن لە مەترسی.

ڕۆڵی بەرگریی شاستانی لە وەرزی زستاندا

لە كاتی ڕودانی لافاو یان هەر بارێكی دیكەی نەخوازراو كە بەسەر هاوڵاتییان دێت بەهۆی كارەساتی سروشتییەوە، بەرگریی شارستانی ڕۆڵی دەبێت وەك لایەنێكی بەهاناوەچوون.

ڕێكان جەمال، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە لێدوانێكی پێشووتریدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پێش دەستپێكردنی باران پڕۆسەیەكی پاككردنەوەیان بۆ ئاوەڕۆكانی گەڕەكەكانی باشووری سلێمانی و تایبەت گەڕەكی جولەكان ئەنجامداوە بەمەستی ڕێگری لە كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو.

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەكاتی هەر ڕوداوێكی چونەناوەوەی ئاو و لافاو هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە (115)ەوە بكەن و بەزووترین كات نزیكترین بنكەیان دەچن بەهانایانەوە، ئەوەشی خستەڕوو، هەر كارێك پێویست بێت لەڕووی ڕاكێشانەوەی ئاو یان لابردنی سەری مەنهۆڵ و گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو ئەنجامدەدەن.

بابەتی پێشتر

سەباح هەورامی: بڵاوبوونەوەی سارس دەنگۆیەکی نازانستی بوو

بابەتی دواتر

توركيا.. كەرەنتینی سەرتاسەری ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share