راگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە

حكومەتی هەرێم لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ناردنی 400 ملیار دینارەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، “دادگای فیدراڵی جارێكی دیكەش، دژایەتیی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختكردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیكردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا كە كەشێكی ئەرێنی و لە یەكنزیكبوونەوە لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دروستببوو بۆ ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور، كەچی بە داخەوە ئەمڕۆ دادگاكە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی كە دروستبووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵكی كوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە كرد كە بڕیار بوو لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغداد و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغداد گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار كرا و هەردوولا نیازپاكی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو كارنامەیەی كە لایەنەكان لەسەری ڕێككەتوون دووپاتكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی فیدراڵیی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلكردنێكی زەق و ئاشكرای دەستووری عێراقە و هەروەها دژی رێككەوتنی لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دژی كارنامەی وەزاریی حكومەتی عێراقیشە كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكراوە و تێیدا لە بڕگەیەكدا بە ڕوونی باس لە خۆ دوورگرتن لە هەر ڕێكاڕێك دەكات كە كێشەكان ئاڵۆزتر بكات ( تجنب ایە اجرا‌وات تصعیدیە). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە بڕیارێك نەك تەنها دژی هەرێمی كوردستان، بەڵكو دژی حكومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواكانی دادگای فیدراڵی هەبێت. هەروەك لە كارنامەی وەزاریی حكومەتی عێراقیشدا هاتووە كە هەموو لایەنە بەشداربووەكان لە سەری ڕێككەوتوون.

حكومەتی هەرێم دەشڵێت، “پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونكە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، كە بە پێی دەستوور دروستنەكراوە، هیچ دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نییە و نابێت”.

بابەتی پێشتر

لە ئاكرێ منداڵێك دۆزرایەوە تەمەنی یەك مانگە و لە زكماكەوە نابینایە

بابەتی دواتر

هەولێر.. گەنجێك هەشت مانگە رفێندراوە و بێسەروشوێنە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی: چوار ماددەی زیادکراو لەگەڵ بەشەخۆراکدا دەدرێت بە هاوڵاتییان

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم ئەو ماددە خوارکییانەی لەلایەن عێراقەوە زیادکراون لە هەرێمی کوردستانیش دەدرێت بە هاوڵاتییان…
Total
0
Share