دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق بڕیاریدا سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون تایبەت بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.
مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دادگاکە رایگەیاندووە، سەرجەم بڕیارەکانی ناردنی پارە بۆ هەرێم نایاسایی و بەتاڵن”.
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق لەسەر داوایەکی یاسایی ئەو پەرلەمانتارە کە لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تۆماریکردبوو کۆبووەوە.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی پووچەڵکردنەوەی بڕیار ژمارە 8 ی ساڵی 2022 ی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارەکانی ژمارە 401 و257 و 226 و 194 ساڵی 2021 دەگرێتەوە.