داعشێك كە كاری ترساندنی خەڵكی كەركوك بوو دەستگیركرا

ڤیدیۆی توندوتیژییەكانی بڵاودەكردەوە

پۆلیسی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كەسێكی سەر بە داعشیان لە كەركوك دەستگیركردووە، كە پێشتر ڤیدیۆی سەربڕینی دەخستەڕوو بۆ ترساندنی هاوڵاتییانی شارەكە ئەوكاتەی چەند ناوچەیەكی پارێزگاكەیان لەژێردەستدا بوو.

ئاژانسی هەواڵی عێراق ئەمڕۆ شەممە 12ی كانونی یەكەم بەیاننامەیەكی هێزەكانی پۆلیسی بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەركی دەستگیركراوەكە بریتی بووە لە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەنراوی تایبەتی كردە تیرۆرستییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەتایبەت ڤیدیۆی تایبەت بە سەربڕین و كوشتنی كەسانی بێتاوان.

بەپێی ئاژانسەكە دەستگیركراوەكە ئەو ڤیدیۆیانەی لەڕێی شاشەیەكی گەورەوە “لە یەكێك لە بازاڕەكانی پارێزگای كەركوك دەخستەڕوو بۆ تۆقاندن و چاندنی ترس لەناخی هاوڵاتییاندا”.

هەروەها بەشداری لە كردە تیرۆرستییەكانی دژ بە هێزە ئەمنییەكان لە ئامرلی كردووە، لەكاتی دەستگیركردنیشیدا گرتەی ڤیدیۆیی و بڵاوكراوەی تایبەت بە كردەی تیرۆرستی پێبووە كە داعش دژ بە هاوڵاتییان ئەنجامیداون.

چوارشەممەی ڕابردوو ئاگر لە دوو بیرە نەوتی كێڵگەیەكی بچوكی نەوت لە كەركوك ڕویدا كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە كردەیەكی “تیرۆرستی” ناویبرد.

لە بەیاننامەیەكیشدا كە لەسەر ئەژماری فەرمی خۆی لە تێلیگرام بڵاوكرایەوە، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕاگەیاند، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەكی لەو بارەیەوە بڵاونەكردەوە.

بابەتی پێشتر

ترەمپ دوای ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانی: دادگای باڵا شەرمەزاری کردین

بابەتی دواتر

بۆچی هەندێک کەس بە سەختی توشی کۆرۆنا دەبن و هەندێک کەس توش نابن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share