پارێزگاری بەسڕە و یەكێتیی تۆپی پێ: یارییەكەی ئەمڕۆ لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت

چارەنووسی یارییەكەی ئەمڕۆی نێوان عێراق و عومان یەكلاكرایەوە و یەكێتیی تۆپی پێی عێراق و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە دەڵێن، یارییەكە لە وادەی خۆیدا و لە بەسڕە ئەنجامدەدرێت.

دوای ئەو پشێوییە زۆرەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری وەرزشیی بەسڕە سەریهەڵدا و لە ئەنجامی پاڵپێوەنانی هاندەراندا دوو هاندەر گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیكە برینداربوون، دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە كۆتا یاریی پاڵەوانێتیی جامی كەنداوی 25 كە بڕیارە ئەمڕۆ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عوماندا ئەنجامبدرێت، دوادەخرێت یاخود دەبرێتە وڵاتێكی دیكە.

هاوكاتی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە لە چەند دەزگایەكی میدیایی عێراقیدا، یەكێتیی تۆپی پێی كەنداو هۆشداری دا لەوەی ئەگەر پشێوییەكان بەردەوامببن، ئەوا یارییەكەی ئەمڕۆ دەگوازێتەوە بۆ وڵاتێكی دیكە، یەكێك لە ئەگەرەكانیش كە باسدەكران، دواخستنی یارییەكەی ئەمڕۆ بوو.

كەمێك لەمەوبەر و لە نوێترین لێدوانی فەرمیدا لەبارەی ئەو پرسەوە، یەكێتیی تۆپی پێی عێراق و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە جەختیانكردەوە لەوەی یارییەكەی عێراق و عومان كە كۆتا یاریی جامی كەنداوی 25ـی بەسڕەیە، لە وادەی خۆیدا و لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسڕە ئەنجامدەدرێت.

پارێزگاری بەسڕە وتیشی، “هاندەران لە دەروازەكانی یاریگەكە كشاونەتەوە و دۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات”.

بابەتی پێشتر

دەستگیرا بەسەر 175 کیلۆگرام خورمای خراپبوودا

بابەتی دواتر

دوایین برینداری رووداوەکەی مێردین گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share