تا ئێستا دوو هاندەر لە بەسڕە مردوون و یەكێتیی تۆپی پێی كەنداو هۆشداری دەدات: “گەر پاڵپێوەنان بەردەوامبێت یارییەكە دەگوازینەوە بۆ وڵاتێكی دیكە”.
پاڵەپەستۆ و پاڵپێوەنانی هاندەران لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسڕە بۆ ئامادەبوون لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیی جامی كەنداوی 25 كە لە نێوان عێراق و عوماندا بەڕێوەدەچێت بەردەوامە، تا ئێستا دوو كەس بەو هۆیەوە مردوون و دەیان كەسی دیكە برینداربوون و پشێوییەكی زۆر لە دەروازەكانی شاری وەرزشیی بەسڕە دروستبووە.
رووداوەكان كاردانەوەی فراوانیان بەدوای خۆیاندا ھێناوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران گەیشتووەتە بەسڕە و كۆبوونەوەی بە پەلەی لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار دەستپێكردووە، داواش لە خەڵكی بەسڕە دەكات بە هێمنییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن.
لە كاردانەوەی رووداوەكانی بەسڕەدا، یەكێتیی تۆپی پێی كەنداو هۆشداری دەدات و دەڵێت، “گەر پاڵپێوەنان بەردەوامبێت، یاریی كۆتایی دەگوازینەوە بۆ وڵاتێكی دیكەی بێلایەن”.
بڕیارە كاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیی جامی كەنداوی 25 لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسڕە بەڕێوەبچێت و دەیان هەزار هاندەر هەوڵی چوونەناو یاریگە دەدەن، بەو هۆیەوە پاڵەپەستۆیەكی زۆر دروستبووە و هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەدان، بەڵام بارودۆخەكە لە دەستدەرچووە و دەیان هاندەر “بوون بەژێرپێوە”.