بەتەمەنترین مرۆڤی سەر زەوی گیانیلەدەستدا

ڕاهیبی فەرەنسی، خوشکە ئەندرێ، کە بەتەمەنترین کەسی زیندوو بوو لە جیهاندا، بەپێی ئەو خانەی بەساڵاچوانەی کە تێیدا دەژیا، لە تەمەنی 118 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لوسیل ڕاندۆن کە ناسناوی خوشکە ئەندرێی وەرگرت کاتێک لە ساڵی 1944 پەیوەندیی بە ڕێکخراوێکی خێرخوازیی کاسۆلیکییەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی بەتەمەنترین کەسی جیهانبوو بەڵام ساڵی ڕابردوو لە نەخۆشیی کۆرۆنا چاکبووەوە.

ئەو ڕاهیبە فەرەنسییە لە 11ی شوباتی ساڵی 1904 لەدایکبووە و بەتەمەنترین کەسی زیندوو بووە لە جیهاندا، بەپێی ریزبەندیی بەتەمەنترینەکانی جیهانی سەر بە گروپی توێژینەوەی پیرناسی.

بەرپرسی میدیایی ئەو ماڵەی ئەندرێی تێدا دەژیا دەیڤید تاڤێلا رایگەیاندووە، خوشکە ئەندرێ لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممەدا “لە خەودا” کۆچی دوایی کردووە.

تاڤێلا دەڵێت، خەمێکی زۆر هەیە، بەڵام ئەو ویستویەتی بمرێت، ویستویەتی جارێکی دیکە برا خۆشەویستەکەی بناسێتەوە.

هیچ دەزگایەکی فەرمی نییە کە بڕوانامە دەربکات کە بیسەلمێنێت خوشکە ئەندرێ “ڕاگری مرۆڤایەتی” بەتەمەنترینی سەر زەوییە، بەڵام شارەزایان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە ئەو بەتەمەنترین کەسە لە جیهاندا کە دەتوانرێت تەمەنی لە تۆمارە مەدەنییەکان پشتڕاست بکرێتەوە.

کتێبی گینس لە 25ی نیسانی ساڵی رابردوو ئەمەی پشتڕاستکردەوە، دوای مردنی کەین تاناکای ژاپۆنی لە تەمەنی 119 ساڵیدا.

بابەتی پێشتر

تەقە لە ئەفسەرێك و شۆفێرەكەی كرا و گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share