شارەزایانی ناسا و ئیدارەی نیشتمانیی ئەمریكا بۆ زەریاكان و بەرگە هەوا (NOAA) رایدەگەیەنن، 9 ساڵی دوایی گەرمترین بووە لەماوەی زیاتر لە 140 ساڵی مێژووی تۆماری كەشوهەوادا.
بەپێی بەڵگەنامەكان، دیاردەی نینای ئاووهەوا، كاریگەریی گەورەی هەبووە لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، بەپێی زانایان دۆخەكە گرنگیی گەورەی هەیە، چونكە دیاردەی نینا، بەشێوەیەكی گشتی دەبێتەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما لە سەرتاسەری جیهاندا.
شارەزایانی ناسا دەڵێن، ساڵی 2022 بووە پێنجەم ساڵی گەرم لە مێژووی تۆماری كەشوهەوادا.
گیڤن شمیدت، زانای ئاووهەوا لە ناسا دەڵێت، لە نمونەی گۆڕانی ئاووهەوا تێبینی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە سەرتاسەری جیهان لەسەر ئاستی دوور دەكەین، جگە لە قوڵایی ئاوەكان لە زەریاكانی كیشوەری جەمسەری باشوور.
وتیشی، “بەداخەوە پێشبینی دەكەین ساڵی 2023 گەرمتربێت لە ساڵی 2022، (NOAA)ش ئاماژەدەكات بەوەی ناوەندی پلەكانی گەرما لە جیهاندا لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە 14.67 پلەی سەدی، بەپێی زانایان، دەردانی گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی ناوەندی پلەكانی گەرما لە جیهاندا بە بڕی 1.1 پلەی سەدی، بەراورد بە سەردەمی بەر لە شۆڕشی پیشەسازی”.
زانایان هۆشداریدەدەن لەوەی بەرزبوونەوەی ناوەندی پلەكانی گەرما لە جیهاندا بە بڕی 1.5 پلەی سەدی لێكەوتەی دژواری دەبێت.
شمیدت ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی لێكدانەوەكانی ئەوان، ئەگەر سەرجەم جۆرەكانی وزەی بەردین بسوتێنرێت، بە گەیشتە كۆتایی سەدە رەنگە كەشوهەوا گەرم بێت بە هێندەی ساردیی سەردەمی بەستەڵەك. ئەوەش دەڵێت، ساڵی 2024یش بەهەمان شێوە گەرم دەبێت و وەك ئەو ئاماژەی پێدەدات، “لە ناوەڕاستی حەفتاكانەوە، تێبینی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای هەسارەكە دەكرێت”.
راپۆرتێكی NOAA دەڵێت، پلەی گەرمای ئاوەكان لە زەریاكاندا لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، ئەو ژمارەیەی تێپەڕاندووە كە ساڵی 2021 تۆماركراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زانایان ئاشكرایانكردووە كە رووبەڕی بەستەڵەكی دەریایی لە جەمسەری باشوور لە ساڵی 2022دا كەمترین بووە لە ساڵی 1987ەوە، ئەمەش هەڕەشە لە گیاندار و رووەكەكانی ناوچەكە دەكات.