ئێوارەی ئەمڕۆ 10ی کانونی یەکەم، شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەشە بودجەی هەرێم کراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی قاسم عەرەجی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق، “لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی هەرێم بۆ بەغداد و قاسم عەرەجی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت جیاوازی بۆچوونی سیاسی کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەبێت”.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، “جیاوازی بۆچوونی سیاسی لەماوەی ڕابردوودا زیانی بە پەیوەندی و بەشە بودجەی هاوڵاتییانی هەرێم گەیاندووە و دەکرێت کار بۆ نەهێشتنی ئەم لێکتێنەگەیشتنانە بکرێت”.
لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی هەرێم و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق جەختیانکردووەتەوە کە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد پتەوبکرێت و ئەمەش بە قازانجی خەڵکی هەرێم و عێراق بەگشتی بێت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە کە “جگە لە ڕێککەوتنی بەغداد و هەرێم لەسەر پرسە ئابوری و ئەمنی و سیاسییەکان، هیچ ڕێگەیەکی دیکە بە قازانجی هەرێم و بەغداد نییە”.