یەكەی هەواڵگیری لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی كانونی یەكەم ئاشكرایكرد، “بازرگانێكی مرۆڤ و قاچاخچییەكی بەروبوومەكانی نەوت لە بەغداد دەستگیركراون.
لە ڕاگەیاندراوێكدا هەواڵگیری وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، “تۆمەتباری یەكەم لە نەهرەوان دەستگیركراوە و بازرگانی بە مرۆڤەوە كردووە، دووەمیشیان لە تاجی دەستگیركراوە، تۆمەتبارە بە قاچاخچێتیكردن بە بەروبوومە نەوتییەكانەوە.”
هاوكات دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویكردەوە، 39 تیرۆریستی داعش لە نەینەوا دەستگیركراون كە دووانیان بەشێوەیەكی نهێنی و بەبێ ئەوەی بزانرێت كە سەر بە داعشن، وەك شانەی نووستووی ئەو ڕێكخراوە كاریانكردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیركردنی ئەو 39 تیرۆریستە ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاندووە.
هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق، دوو بۆمبی چێندراو بە دوو ئۆتۆمبێلی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا تەقێندرانەوە، زانیارییە سەرەتاییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو دوو ئۆتۆمبیلە و سەربازەكانی ناویان سەر بە هێزەكانی ئەمریكا بوون، بەڵام زانیاری لەبارەی قوربانییەكانەوە نەخراوەتەڕوو.