داهاتی هەفتەی یەكەمی ساڵی 2023 پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی سنوورەكە زیاتر لە هەشت ملیار دیناری عێراقییە.
سایتی شەفافییەت بڵاویكردەوە، داهاتی گەنجینەكانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین لەنێوان 2022/12/31 تا 2023/1/6 بریتییە لە 8.118.111.665 دینار.
سایتەكە لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، مەبەست لێی شەفافییەت، ئاگاداربوونی هاوڵاتییانە لە داهاتە نانەوتییەكانی سنوورەكە و رەواندنەوەی ئەو دەنگۆ و گومانانەی لەبارەیانەوە دەكرێن.
لە 15ی كانونی یەكەمی رابردوو قوباد تاڵەبانی لەكاتی راگەیاندنی كردنەوەی سایتەكەدا رایگەیاند، شەفافییەت کۆڵەکەی دروستبوونی متمانەی نێوان هاوڵاتییان و دەسەڵاتە، بۆیە لەپێناو زیاتر چەسپاندنیدا، پرۆژەی شەفافییەت رادەگەیەنین.
وتیشی، “لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com وە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاوڵاتییان”.
دووپاتیشیدەكاتەوە، شەفافییەت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی بناغەیەکی پتەو لە دروستکردنی سیستەمێکی دارایی شەفاف و بۆ یەکەم جار لە سلێمانییەوە رادەگەیەندرێت، لەهەمان کاتدا وەڵامدانەوەی هەموو ئەو دەنگۆ ناڕەوایانەشە کە لەبارەی داهاتی دارایی ئەو ناوچانەوە بڵاودەكرێنەوە.
بۆ سەردانكردنی سایتی شەفافییەت كلیك لێرە بكە.