بافڵ تاڵەبانی: چارەسەری قەیرانی دارایی لە بەغدادە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، تا رادەیەک یەکێتی ئاگاداری مەلەفی نەوتە، بەڵام ئاگاداری گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا نییە و دەشڵێت، حکومەت ئەو پارەیەی نییە کە بتوانێت موچە دابینبکات بۆیە چارەسەری قەیرانی دارایی لە بەغدادە.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە میدیاكانی كوردستان چەندین پرسی تایبەت بە دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستانی خستەڕوو، تیشكیشی خستەسەر قەیرانی دارایی هەرێم و چۆنیەتی چارەسەركردنی، نەخشەڕێی چارەسەری هەندێك لە كێشە و ئاستەنگەكانیش ئاشكراكرد.

بافڵ تاڵەبانی، لە وەڵامی ئەوەی لەدوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی، وتراوە بەر لە کۆتایی ساڵ چەند بڕیارێکی نوێتان دەبێت لەبارەی پرۆسەی سیاسیی کوردستان. مەبەستتان لەو بڕیاری کۆتاییە چییە؟ ئەوە کارتێکی فشارە و هەڕەشەیە بەرامبەر پارتی وتی، “نەخێر ئەمە هەڕەشە نییە بەرامبەر کەس، ڕەنگە شتێک ببیستن شتێکی باش بێت، ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە لەگەڵ هەموو حیزبەکانی کوردستان، یەکێک لەو شتانە ئەوەیە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەتەوە بۆیە تاوەکو کۆتایی ساڵ چاوەڕێی شتی باش دەکەم و چاوەڕێی شتی خراپ ناکەم”.

سەبارەت بەوەی بارودۆخی ژیانی خەڵک زۆر خراپە، ئێوە لەبارەی نیگەرانییەکانی خەڵک چ وەڵامێکتان هەیە؟ هاوسەرۆكی یەكێتی وتی، “بەڕاستی ئەمە کێشەیە، ئێمە دەبێت بۆ خەڵک کاربکەین خەڵک بەلای ئێمەوە گرنگە، ئێمە باوەڕمان بە بەرنامەیەکی چاکسازییە كە قوڵتر بێت لەوەی حکومەت هەیەتی. بۆیە بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە واز لە ململانێ بێنین و پشتیوانی یەکدی بین. ئێمە وەکو یەکێتی دەزانین کە بارودۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات تەنیا لە کوردستان وا نییە و لە هەموو عێراق وایە”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە لەنێو حکومەت بەشدارن، زۆرجار لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی گلەیی و گازندەکان تیمەکەی خۆتان لە حکومەت دەگرێتەوە؟ هاوسەرۆكی یەكێتی وتی، “نەخێر تیمی ئێمە لە حکومەت بەشێکە لە حکومەت و گلەیی ئێمەش لە هەموو حکومەتە، مام جەلال خوا عەفوی بکات، خۆی دەیگوت لە منەوە دەستپێبکەن و رەخنەم لێبگرن”.

دەربارەی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی 50 ساڵەی هەیە لەگەڵ تورکیا، ئایا ئاگاداری ئەو گرێبەستەن؟ بافڵ تاڵەبانی وتی، “وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسانە، ئێمە ئاگامان لەو رێککەوتنە نییە وەکو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان”.

ڕوونیشیكردەوە، “بۆچوونی من وایە کە تا رادەیەک یەکێتی ئاگاداری مەلەفی نەوتە، بەڵام زۆر گرێبەست هەیە وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان نەمانبینیوە. بەگشتی ئاگامان لە هەندێک شت هەیە، بەڵام هەمووشتێک نا. لەسەر ئەوەش لەگەڵ برادەرانی پارتی دادەنیشین”.

سەبارەت بە پرسیارێكی میدیاكارانیش بەوەی ئایا چارەسەری ئەم قەیرانە چییە لە هەرێمی کوردستان؟ بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “چارەسەری قەیرانی دارایی لە بەغدایە، حکومەت ئەو پارەیەی نییە کە بتوانێت موچە دابینبکات، بۆیە پێویستە حکومەت ئیشەکانی خۆی بکات و زیاتر بڕواتە پێشەوە و نابێت ئێمە زۆر چاوەڕێی بەغداد بکەین و هەموو رۆژێک لە دەرگای بەغداد بدەین. بۆیە دەبێت ئێمە خۆشمان زیاتر فشار بکەین و ناشتوانین ئاوا بەردەوام بین. بۆیە باشیرین شت ئەوەیە کە هەموو حیزبەکان بەیەکەوە دانیشین و چارەسەری کێشەکە بکەین”.

لە پرسی تایبەت بە قاچاخچییەتی و زیادبوونی لە سنوری سلێمانی و تۆمەتباركردنی حزبەكەی و هەندێك لە بەرپرسەكانی بەو پرسە، هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، “ئەمەیان غەدرە و وانییە، مافیا لە سلێمانی و هەولێر و زۆر شوێن دروستبووە، ئێمە لیژنەمان دروستکردووە لەگەڵ بەرپرسان و تیمەکانی دیکە کۆبوونەوەم کردووە و لیستێکی گەورەمان حازرکردووە هەر کەسێ ئەو کارانە بکات دەچینە سەریان و دەستگیریان دەکەین، ئینجا زۆر بەتوندیش سەر بە هەر لایەنێک بن دەیانگرین و حیساب بۆ ئەوانە ناکەین. بەڵێ لیژنەمان پێکهێناوە و ئاگاداری کارەکان دەکەین. سەبارەت بە قاچاخچییەتی دڵنیاین کە هەیە و لە هەموو مەرزێک ئەو شتانە ڕوودەدات، لەوەیە دەیان و زیاتر بیری نەوت هەبێت داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخس. دڵنیایین لەملا و لەملا هەندێک مەرز هەبێت کە حکومەتی هەر لێنییە، وەک یەکێتی حەزدەکەین بەزووترین کات حکومەت دابنیشێت و دۆخەکە باشتر بکات و چارەسەری بکات”.

هەروەها سەبارەت بە پرسی دوو ئیدارەیی دەڵێت، “گاڵتەم بە دوو ئیدارەیی دێت، ئەو هەموو شەهید و خوێنەمان ڕشت بۆ ئەوە نەبوو کوردستان بکەینە دوو ئیداریی، من باوەڕم بە دوو ئیدارەیی نییە. لەبەرئەوە ئێمە لەبەرنامەماندا نییە”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کاتێک سوپای عێراق گەڕایەوە نێو کەرکوک، بە ڕێککەوتن کرا و خۆشت ئاماژەت پێدا، چی دەڵێی لەبارەی ئەوە؟ بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “نەخێر ڕێککەوتن نەبوو، ئێمە دانیشتین پێش ئەوەی هێرشەکە بکرێتەسەر کەرکوک، لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و عەبادی قسەمان کرد. ئێمە دەمانویست مەعەسکەر کەیوان پڕبکەین لە هاوپەیمانان و کورد و عیراقییەکان بچنەوە نێو سەربازگەکە واژۆی سەرکردایەتییەکان لەسەر ئەوەبوو و باش دەزانی ئەوەبوو بابەتەکە، چووم بۆ کۆبوونەوەکەی دوکانیش بەڵام قەناعەتیان نەکرد لەسەر ئەوەی من دەمەویست. من دووبارەم کردەوە کە هێرش دەکرێت. بەداخەوە ئەو هێزە دەیەویست هێز لە کەرکوک دەربکات. بۆیە پێشمەرگەی من دەبابە پانیکردەوە. لەوێ شەڕێک کرا و ئێمە پێماننەکرا. لەبەرئەوە ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا نەکردووە و ئەوەی دەڵێ ڕێککەوتن کراوە وانییە”.

هەروەها دەربارەی هەڵوێستتان لەسەر عەسکەرتارییەتییەی کەرکووک چییە؟ هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات، “زانیمان دۆخەکە لە کەرکوک وایلێدێت، بەڵام چەند حیزبێک هاوکارمان نەبوون. بۆیە چەند کەسێک هاوکارمان نەبوون کە نەجمەدین کەریم لە پارێزگار بمێنێت، بەڵام بەداخەوە هەڤاڵان نەهاتنە پێشەوە”.

بابەتی پێشتر

خزێره‌ په‌یامێکی ئاڕاسته‌ی پێرلۆ کرد و له‌گه‌ڵ دوو ڕاهێنه‌ری دیکه‌ش له‌سه‌رهێڵه‌

بابەتی دواتر

پێنج هۆکار وا له‌ مێسی ده‌که‌ن ڕوو له‌ یانه‌یه‌کی دیکه‌ بکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share