لە خەلەکان ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی چوارەمی هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی 1ی 2023 لە سنووری هۆبەی دارستان و پاوانی خەلەکان تیمەکان دەستیانکرد بەگرتنەبەری رێوشوێنە زانستییەکانی ئامادەکردنی زەوی بۆ چاندن و زیادکردنی رووبەری دارستانی، کە بڕیارە بەپێی تایبەتمەندی ناوچەکە و کەشوهەوا نەمامی پێویست و گونجاویان بۆ دابینبکرێت.
تەها سلێمان لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی خەلەکان رایگەیاند، ” لە سنوورەکەمان رووبەرێک زەوی دارستانیی بوونی هەیە کە پێویستی بەوەیە سەوزبکرێت و بکرێتە دارستان بە سوود وەرگرتن لە دەستی کاری ناوچەکەمان کارەکان رایی دەکەین”.
وتیشی، ” سوپاسی بێپایان ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین بۆ ئەم بڕیارە کە راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر پاراستنی ژینگە و زیادکردنی رووبەری دارستان و سەوزایی کە ئەمەش هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی ژینگەو ئاوهەوا”.