بەڕێوەبەریی کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە تا ئێوارە رۆژی هەینی کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە.
ئاسۆ شێخ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە سبەی سێشەمەوە بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەردەکەوێت، کە بەهۆیەوە شەپۆلێکی بارانبارین ئەو ناوچانە دەگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بۆ رۆژی چوارشەممە کاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە درێژدەبێتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەییەکانی لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان دەردەکەوێت و لەوێوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و دەوروبەری، بەهۆیەوە بارانبارین ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە”.
ئاشکراشیکرد، “بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزی ئەو ناوچانەوەیە لە ئاستی رووی دەریا و نزمی پلەکانی گەرمایە تێیدا”.
ئاسۆ کەمال باسی لەوەشکرد، “کاریگەری ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە کەمدەبێتەوە بەڵام بارانی ناوبەناو هەر دەبێت تا رۆژی هەینی کۆتایی دێت”.