نرخی نەوت بە بەرزی ماوەتەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا ئەمڕۆی بە بەرزبوونەوە دەستپێكرد، دەستپێكردنی كوتان بە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لەلایەن بەریتانیاوە و نزیكبوونەوەی ڕەزامەندی دەستپێكردنی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هۆكارە سەرەكییەكانن.

كاتژمێر 10:10ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی كانونی یەكەم بەكاتی كوردستان نرخی نەوتی خاوی برنت بەڕێژەی 0.06% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 48.89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، خامی تەكساسیش بەڕێژەی 0.13% بەرزبوەوە و گەیشتە 45.58 دۆلار.

بەمەش هەردوو جۆرەكە بۆ دووەم ڕۆژ بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی.

شارەزایان هۆكاری بەرزبوونەوەكەیان بۆ دەستپێكردنی كوتان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ژمارەیەك لە وڵاتان و لە پێشیانەوە بەریتانیا گەڕانەوە.

ڤاكسینەكان بوونەتە هۆی بوژاندنەوەی خواست لەسەر نەوت، ئەمەش سەرەڕای ڕاگەیاندنی زیادەیەكی بەرچاو لە نەوتی عەمباركراوی ئەمریكی.

هەروەك ئەو تەقینەوەیەی لە دوو كێڵگەی نەوتدا لە كەركوك ڕویدا و عێراق هۆكارەكەی بۆ “هێرشێكی تیرۆرستی” گەڕاندەوە، بەپێی سەرچاوەكان یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا و بەهۆی تەشەنەسەندنی پەتای كۆرۆنا و ئەو نیمچە پەككەوتنەی زۆربەی كەرتەكانی ئابوری لە سەرتاسەری جیهاندا گرتەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕادەیەكی زۆر دابەزی و هەر بەرمیلێك لە نەوتی خاوی برێنت لە خوار 25 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.

وەك هەوڵێكیش بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە و بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) ڕێككەوتنێكی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا ئیمزاكرد بۆ کەمکردنەوەی بڕی نەوتی هەناردەکراو، بەڵام ئەو ڕێگەچارەیەش نەیتوانی كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنێت و تائێستاش نرخی نەوت لە ئاستێكی نزمدا ماوەتەوە.

بابەتی پێشتر

به‌ریتانیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا هێشتا ناكۆكن

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share