ئەوروپا بەرەو سزادانی زیاتری كەرتی نەوتی ڕوسیا دەڕوات

پاڵپشتییەکان بۆ سزا خستنەسەر کڕینی نەوتی ڕوسیا لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە زیاتر بوون بەهۆی هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکرانیا.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەزاری بەشداربووانی گفتوگۆکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە کۆمەڵ هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ڕوسیا و نەکڕینی دەدەن.

ئەو هەنگاوەی یەکێتییەکە گۆرانکارییەکی گەورە دەبێت لە هەڵوێستی کیشوەری ئەوروپا بۆ سزادانی ئابوریی ڕوسیا لەئەنجامی هێرشی بۆسەر ئۆکرانیا.

بەپێی ڕۆژنامەکە بڕیاری خێرا بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕوسیا لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە بژاردەیەکی تاڕادەیەک دوورە، بەڵام ئێستا هەنگاوەکانیان بۆ سزادانی زیاتری ئەو کەرتەی ڕوسیا چڕکردووەتەوە.

دیپلۆمەتەکانی بەشدار لە گفتوگۆکانی یەکێتییەکە بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە، هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی سزادانی خوی ڕوسیا تائێستا نەکراوە، بڕیاری بەپەلەش لەوبارەیەوە ئەگەرێکی دوورە لەگەڵئەوەی هەنگاوەکان چڕکراونەتەوە.

برۆکسل ئامادەیە سزای زۆر توند بەسەر ڕوسیادا بسەپێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکانی ئەو سزایانە لەسەر وڵاتانی ئەوروپا لەبەرچاودەگرێت بەهۆی پەیوەندیی ئابوریی ئەوروپا بە ڕوسیاوە.

بەڵام تائێستا کەرتی وزەی ڕوسیا لەدەرەوەی سزا سەپێنراوەکانە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە نەوت و گازی ئەوروپا لە ڕوسیاوە هاوردەدەکرێت.

بەپێی ناوەندی توێژینەوەی برۆگڵ کە بارەگاکەی لە برۆکسلە ڕایگەیاندووە، لە ساڵی 2021دا ڕێژەی 37%ی هەناردەکردنی ڕوسیا بەرهەمە نەوتییەکان بووە.

ڕێژەی 28%ی داهاتی ڕوسیا پشت بە داهاتەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دەبەستێت، بۆیە هەر سزایەکی یەکێتیی ئەوروپا بۆسەر نەوتی ڕوسیا زەبرێکی کوشندە لە بازاڕی نەوتی جیهان دەدات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سزادانی کەرتی نەوتی ڕوسیا نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە زیان لە بازاڕی نەوتی جیهان دەگەیەنێت و کەمیدەکاتەوە کە بڕەکەی 100 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەوەش بەشێکی گەورەیە بۆ بازاڕێکی بچووک.

لەمیانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە دوێنێ دووشەممە، هەریەکە لە سوید، سلۆڤینیا، چیک و سلۆڤاکیا کە یەکێکن لەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوتی ڕوسیا دەبەستن ئاماژەیان بەوەکرد کە سزادانی کەرتی نەوتی ڕوسیا لەئێستادا بژاردەیەکیان دەبێت.

هەندێک وڵاتی دیکە وەک دانیمارک لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر سزادانی کەرتی نەوتی ڕوسیا نیشاندا ئەگەر ئێستا یەکێتییەکە بڕیاری لەبارەوە بدات.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید داهاتووی ئەنچیلۆتی یەكلاییكردەوە

بابەتی دواتر

دیبالا لەگەڵ یۆڤانتۆس كۆتایی هات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share