بەڕێوەبەری کارگێڕیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشدارییەکی توند دەدات لەبارەی ئەو سەختییانەی کە لە ساڵی 2023دا رووبەڕووی ئابووریی جیهانی دەبێتەوە.
کریستالینا جۆرجیڤا رایگەیاندووە، بۆ بەشێکی زۆری جیهان، ساڵی 2023 ساڵێکی سەخت دەبێت، چونکە بزوێنەرە سەرەکییەکانی گەشەی جیهانی ئەمریکا، ئەوروپا و چین هەموویان لاوازن.
گەورەترین مەترسی لەسەر ئابووری جیهانی لە ساڵی 2023 چییە؟
جۆرجیڤا بە کەناڵی سی بی ئێسی راگەیاندووە، ساڵی نوێ “سەختتر دەبێت لە ساڵی پێشوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ ئابوورییە گەورەکە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و چین هەموویان لە یەک کاتدا بەرەو لاوازبوون دەچن.
ڕوونیشیکردەوە، ساڵی 2023 بۆ زۆربەی ئابووریی جیهانی قورس دەبێت، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت لەماوەی ئەمساڵدا یەک لەسەر سێی ئابووریی جیهان پاشەکشە بکات.
بە گوتەی جۆرجیڤا، “نیوەی ئابووریی ئەوروپا پاشەکشە دەکات و زیادبوونی تووشبوون بە Covid لە چین هەواڵێکی نیگەرانکەر بۆ ئابووریی جیهانی لە ماوەیەکی نزیکدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسۆی ئابووریی وڵاتە تازەپێگەیشتوەکان بەهۆی ئاستی زۆری قەرزەکان و بەهێزی دۆلارەوە خراپتر دەبێت.