وەزیری ناوخۆی سەردەمی محەمەد حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووتری میسر لە دوای بێبەریبوونی لەو تاوانانەی لە ماوەی رابردوودا ئاراستەی کرابوون، داوای گەڕاندنەوەی پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی و بڕێکی زۆر قەرەبووش دەکات.
حەبیب عادلی وەزیری ناوخۆی سەردەمی محەمەد حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووتری میسر لە رێگەی دادگاوە داوایەکی بەرزکردووەتەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانەوەی 17 ملیۆن جونەی میسری لە دوای بێتاوان دەرچوونی لە دۆسیەی تێوەگلانی لە گەندەڵی.
پارێزەری ئەو وەزیرە، جگە لە داواکردنەوەی ئەو 17 ملیۆن جونەیە لە دراوی ناوخۆیی و بیانی داوایشیکردووە بڕی 100 هەزار جونەی دیکە قەرەبووبکرێتەوە لە دوای بێتاوان دەرچوونی و ئازادکردنی لە زیندان بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون، ئەمە جگە لەو سوودە ساڵانەیەی هەژماری کردووە بە رێژەی 4%.
هاوکات ئاشکراشیکردووە، “ئەو زیانانەی بەر عادلی کەوتوون زۆر زیاترە لەوەی داوایکردووەتەوە بۆیە داوا دەکەن بڕەکەی زیاتر بکرێت”.
لە ساڵی 2017 دادگای تاوانەکانی قاهیرە سزای حەوت ساڵ زیندای بەسەر ئەو بەرپرسە و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی وڵاتەکەدا سەپاند بە تاوانی زیانگەیاندن بە موڵ و پارەی دەوڵەت، بەڵام بۆ ساڵی دواتر و دوای تانەدان لە بڕیارەکە دادگا داواکەی پەسەند کرد و ئازادکرا.