پاشماوەی چەكدارانی داعش هێرشیان كردەسەر ناوەندێكی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات.
هێرشەكە لە شاری رەققە بووە و ناوەندێكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی سەر خۆبەڕێوەبەری لە شارەكە لەلایەن چەكدارانی گروپەكەوە كراوەتە ئامانج.
لای خۆیەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە دوو كارمەندی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كوژراون.
خۆبەڕێوەبەری باڵی مەدەنی هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە بەشێكی بەرچاوی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان (باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا)ی لەژێر دەستدایە.
بەپێی روانگەی سوری پاشماوەی چەكدارانی داعش لە سەرەتای ئەمساڵەوە 199 هێرشیان بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.
شاری رەققە ناوەندی سەرەكی داعش بوو، بەر لەوەی لە تشرینی یەكەمی 2017دا لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت.