لیژنەی دارایی: داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمان کراوە لەبارەی نرخی دۆلارەوە

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژوویان کۆکردووەتەوە کە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنەکە بکرێت لەبارەی دابەزینی بەردەوامی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، “پارێزگاری بانکی ناوەندیش بانگهێشت دەکرێت”.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نەرمین مەعروف رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی دیناری عێراقی راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بانکی ناوەندییەوە ئێستا ئەو بانکە رێژەی خستنەڕووی دۆلاری 50% بۆ %60 کەمکردووەتەوە ئەوەش بازاڕی دۆلاری بەرزکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دوورخستنەوەی بەشێک لەو بانکانەیە کە بانکی ناوەندی دۆلاری پێدەفرۆشتن، ئەوانیش ژمارەیان چوار بانکە و گومانی سپیکردنەوەی پارەیان لەسەربووە، بۆیە ئێستا فرۆشتنی دۆلار کەمبووەتەوە چونکە ئەو چوار بانکە کە ئەگەری هەیە ژمارەشیان زیاتربێت زیاتر لە %40ی دۆلاری بانکی ناوەندییان پێدراوە پێشتر.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی واژوو بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لەوبارەیەوە، نەرمین مەعروف وتی، پێشتر لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەروو 145 هەزار دینار داوای دانیشتنی پەرلەمان کرا بەمەبەستی دابەزاندنی نرخەکەی بەڵام ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون چونکە دابەزاندنی نرخی دۆلار پەیوەندیی بە بانکی ناوەندییەوە هەیە بەپێی ماددەی 103ی دەستووری عێراقی و دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران نییە.

وتیشی، ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و زیاتر لە 60 واژوو کۆکراوەتەوە کە بەپێی سیستمی ناوخۆیی پەرلەمان بە 50 واژووی پەرلەمانتارانەوە دەتوانرێت داوای دانیشتن بکرێت، ئێستا داواکارییەکە دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ماوەتەوە سەر ئەوەی رەزامەندیی بدرێت.

بەپێی داواکاریی پەرلەمانتاران داواکراوە، دانیشتنی بەپەلە لەبارەی نرخی دۆلارەوە بکرێت، وەک نەرمین مەعروف بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پارێزگاری بانکی ناوەندیش بانگهێشت دەکرێت”.

باسی لەوەکرد، “ئێمەش لە لیژنەی دارایی لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی لیژنەکە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دەکەین و پارێزگاری بانکی ناوەندیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت”.

وتیشی، ئەگەری هەیە دانیشتنەکە سەرکەوتوو نەبێت چونکە ئێستا پشووە و ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران ناتوانن ئامادەبن و رێژەی یاسایی تەواو ناکات.

بابەتی پێشتر

هاوردەكردنی تەماتە رادەگیرێت

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار و نرخی ئاڵتوون بەرزبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share