یاری پاریس و ئیستانبوڵ کەی دەکرێت؟ وەزیری وەرزشی ڕۆمانیا داوای لێبوردن دەکات

ئەمشەو، چوارشەممە یاری نێوان پاریس سانت جێرمان و ئیستانبوڵ باشاکشەهیر دووبارە دەکرێتەوە

ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان پاریس سانت جێرمان و ئیستانبوڵ باشاکشەهیر بەهۆی ڕەگەزپەرستی داوەری چوارەمی یارییەکەوە ڕاگیرا و بڕیارە ئەمشەو دووبارە بکرێتەوە.

شەوی ڕابردوو، سێشەممە لە خولەکی 13 یاری نێوان یانەکانی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی و ئیستانبوڵ باشاکشەهیری تورکی ڕاگیرا، هۆکارەکەش بۆ توڕەیی ستافی یانە تورکیەکە دەگەڕایەوە لە داوەری چوارەمی یارییەکە، دوای ئەوەی وشەی ڕەگەزپەرستی بەرانبەر پێر ویبۆی یاریدەدەری ڕاهێنەری ئیستانبوڵ بەکارهێنا.

بەم هۆیەوە ستافی ئیستانبوڵ لە یاریگا هاتنەدەرەوە و سەرەڕای دوورخستنەوەی داوەرەکە، بەڵام نەگەڕانەوە بۆ ناو یاریگا.

لەم بارەیەوە سباستیان کۆڵتیسکۆ، ئەو داوەرەی ڕەگەزپەرستی بەرانبەر ویبۆ کردووە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ” ئەوەی من دەناسێت دەزانێت ڕەگەزپەرست نیم، تەنها دەمەوێت وەک کەسێکی باش دەرکەوم، لەم چەند ڕۆژەشدا هیچ بابەتێکی میدیایی ناخوێنمەوە”.

لەلایەکی دیکەوە ئیۆنۆت سترۆ، وەزیری وەرزشی ڕۆمانیا ڕایگەیاندووە، “بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی ڕەگەزپەرستی دەکەین، وەرزش بۆ خۆشەویستییە و بێگەرد و خاوێنە و پەیوەستە بە هەوڵ و کار، بە ناوی وەرزشی ڕۆمانیا و گەلی ڕۆمانیاوە داوای لێبوردن دەکەم، هیوادارم ئەم کەیسە ئاستەنگی دیپلۆماسی دروستنەکات”.

بڕیارە ئەمڕۆ، چوارشەممە کاتژمێر (8:55) بەکاتی هەرێمی کوردستان دووبارە یاری نێوان پاریس و ئیستانبوڵ لەهەمان کەش و خولەکدا ئەنجامدەدرێتەوە.

بابەتی پێشتر

هەڵبژاردەی قەتەر لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا دەکەوێتە کۆمەڵەی پۆرتوگالەوە

بابەتی دواتر

ژووری جلگۆڕینەکانی بارسا لە شێواز و تاکتیکی کومان تێناگەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share