تۆڕی ئەلمۆنیتەری نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، لە بانکی ناوەندی عێراق دەست بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ کراوە بۆ بەهێزکردنی بەهای دیناری عێراقی ئەویش لە رێگەی وەبەرهێنان بە دراوەکانی دیکە لە پێش هەمووشیانەوە یوانی چینی.
تۆڕی ئەلمۆنیتەری نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردەوە، “عێراق رووبەڕووی داڕمانی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار بووەتەوە ئەمەش پاش ئەو دابەزاندنەی لە بەهاکەیدا لە ماوەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی بە مەبەستی زیادکردنی نەختینەی ناوخۆیی دوای قەیرانی کۆرۆنا و دابەزنی نرخی نەوت، بەڵام لە ئێستادا هەوڵدەدات جارێکی دیکە بەهاکەی بەرزبکاتەوە ئەویش لە رێگەی ستراتیژێک کە بانکە فەرمییەکانی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیانپێکردووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ستراتیژەکە پشتدەبەستێت بە دراوی یوانی چینی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هاوکات لەگەڵ یۆرۆی ئەوروپی و درهەمی ئیماراتی و دیناری ئوردنی، هاوکات دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵدەدەن مامەڵە بە دراوە بیانییەکانی دیکەشەوە بکەن هاوکات لەگەڵ دۆلاری ئەمریکی”.
ئاشکراشیکرد، “عێراق یەکەم دەوڵەت نییە پەیڕەوی ئەم پلانە دەکات پێشتر سعوودییەش بڕیاریدابوو مامەڵەی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ چین بە دراوی یوان بکات”.