جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ لە حكومەتەوە ئاراستەمان بكرێت هەوڵدەدەین كەمترین مووچە بۆ هێزەكانی ناوخۆ كە خانەنشین دەبن 400 هەزار دینار بێت و جەختیشدەكاتەوە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كۆدەبینەوە.
باڵانبۆ محەمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وابڕیارە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم لەسەر بابەتی پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجامبدەین و بڕیار لەسەر پڕۆژەیاساكە بدرێت كە لە حكومەتەوە بنێرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەندبكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەگەر یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق لە هەرێم جێبەجێبكرێت مووچەكانيان زیاددەكات، جگەلەوەش كاردەكەین بە زووترین كات پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ رەوانەی پەرلەمان بكرێت بە جۆرێك كە كەمترین مووچە بۆ هێزەكانی ناوخۆ لەكاتی خانەنشینبوونیان 400 هەزار دینار بێت بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیاساكە دەكەین و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ئەو پرسە كۆدەبینەوە.