سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پاڵپشتی پڕۆژەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكات كە بریتییە لە پڕۆژەی (ئاشتكردنەوەی سلێمانی)، بۆ ئەو مەبەستەش تیمەكانی بەشی خزمەتگوزاریی هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوەی سەیرانگای سەرچنار و دەوروبەری دەستپێكرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، تیمەكانی بەشی خزمەتگوزاریی هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوەی سەیرانگای سەرچنار و دەوروبەری دەستپێكرد كە لە هەڵمەتەكەدا بڕێكی زۆر خۆڵ و خاشاك كۆكرایەوە و ناوچەكە لە پاشەڕۆ پاككرایەوە.
لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانیدا هاتووە، “وەك لایەنێكی بەرپرسیار و پەیوەندیدار بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی پرۆژەی (ئاشتكردنەوەی سلێمانی) دەكات، وەك چۆن لە ماوەی رابردوودا پلانی نۆژەنكردنەوەی باخی گشتی راگەیاند و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە پێناو خزمەتكردن بە گەشتیاران و هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی پێشكەشكرد”.