زانیاریی نوێ لەبارەی رووداوەكەی پاریس ئاشكرادەكرێت

داواكاریی گشتیی فەرەنسا ماوەی راگرتنی ئەو پیاوە 69 ساڵەی تۆمەتبارە بە كوشتنی سێ هاوڵاتیی كورد و برینداركردنی سیانی دیكە بە دەمانچە لە پاریس درێژكردەوە، روونیشیكردەوە، لێكۆڵینەوە كراوە لەبارەی پاڵنەری رەگەزپەرستیی رووداوەكە.

لێكۆڵینەوەكان لەئێستادا دەربارەی تۆمەتی كوشتن، هەوڵدان بۆ كوشتن و توندوتیژیی چەكدارییە، سەرەڕای پێشێلكردنی یاساكانی پەیوەندیدار بە بەكارهێنانی چەك بە پاڵنەری رەگەزپەرستانە.

لوری بیكۆ، داواكاریی گشتی رایگەیاند، ئەم كاروبارانە نابێتەهۆی گۆڕینی كەمترین سزای پێشبینیكراو كە بریتییە لە زیندانی هەتاهەتایی.

هێرشبەرەكە دوای دەستبەسەركردنی رایگەیاند، ئەو كارەی ئەنجامداوە، چونكە “رەگەزپەرستە”، هەروەك سەرچاوەیەكی نزیك لە لێكۆڵینەوەكان هەمان پاڵنەری دووپاتكردەوە.

رووداوەكە دوێنێ لە نزیك ناوەندێكی رۆشنبیریی كوردی لە ناوچەیەكی بازرگانیی پڕ لە رەوەندی كورد لە پاریس روویدا.

ئەجیت بولات، وتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی دیموكراتیی كورد لە فەرەنسا رایگەیاند، یەكێك لە قوربانییەكان پەنابەرێكی سیاسیی كوردە “كە لەلایەن توركیاوە داواكراوە بەهۆی هونەرەكەیەوە”، دووەمیان هاوڵاتییەكی كوردی ئاساییە و رۆژانە سەردانی ناوەندە رۆشنبیرییەكە دەكات، لەنێو كوژراواندا ژنێك هەیە كە بەمدواییە داوای مافی پەنابەریی سیاسی كردووە و داواكەی رەتكراوەتەوە.

تۆمەتبار لە حوزەیرانی رابردوو سزادراوە بە بەندكردن بۆ ماوەی 12 مانگ بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی بە چەك لە ساڵی 2016دا، بەڵام تانەی لە بڕیارەكەی دادگا داوە.

هەروەك لە كانوونی یەكەمی 2021دا تۆمەتبار بووە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی رەگەزپەرستانە، لەگەڵ بەكارهێنانی چەك و خستنەوەی زیان لە 8ی كانونی یەكەمی 2021دا.

باوكی تۆمەتبار (كە تەمەنی 90 ساڵە) بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی وتووە، كوڕەكەی بەیانیی رۆژی رووداوەكە “هیچی نەوتووە كاتێك ماڵەوەی جێهێشتووە (…) ئەو شێتە”، ئاماژەی بەوەشكرد كە كەسێكی “بێدەنگ” و “داخراوە”.

داواكاریی گشتی بەدووریدەزانێت رووداوەكە پاڵنەری تیرۆرستی هەبێت، لەكاتێكدا ئەنجومەنی دیموكراتیی كورد لە فەرەنسا دەڵێت، “نامەعقولە” تەقەكردن بە “هێرشی تیرۆرستی” ناونەنرێت.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر 100 مسقاڵ ئاڵتونی دزی و لە سلێمانی دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

سەرۆك كۆمار نووسینگەیەك بۆ كاروباری هاوڵاتییان دەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بازاڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 152 هەزار…
Total
0
Share