ستاربەکس لە عێراق بە ساختە دەکرێتەوە و هەڕەشەش دەکات

یەکەم لۆگۆی ستاربەکس لە بەغداد سەرنجەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، هەموو ئاماژەکان راستەقینە دەردەکەون لە لۆگۆی دەرەوەی باڵەخانەکە و کوپەکان و دەستکێش و سەرجەم کەلوپەلەکانی دیکە، بەڵام ئەو کارە رووکەشییانە رەنگە فێڵ بن چونکە شوێنەکە هیچ مۆڵەتێکی فەرمیی نییە و کۆمپانیاکە سکاڵای تۆمارکردووە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، ئەوەی لەناو ئەو کافتریایەدا لە بەغداد پێشکەشدەکرێت کە سێ بەشن پێکەوە و بە ناو و لۆگۆی ستاربەکس کراوەتەوە، سەرجەم خواردنەوەکانیان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاوردە دەکرێن و بە شێوەیەکی نایاسایی بەڕێوەدەبرێن.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، کۆمپانیای ستاربەکس سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کافێیە تۆمارکردووە و وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کۆمپانیاکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەکارهێنانی ناوەکەی بەشێوەی ساختە لە جیهاندا و پێشێلکارییە بازرگانییەکان بەرامبەر ناوەکەی.

ئاژانسە ئەمریکییەکە دەڵێت، دوای تۆمارکردنی سکاڵا و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی لەوبارەیەوە، ئێستا دۆسیەکە راگیراوە بەهۆی ئەوەی خاوەنی کافێکە هەڕەشەی لە پارێزەرانی نوێنەری ستاربەکس کردووە.

راپۆرتەکە لە زاری سەرچاوە یاساییە عێراقییەکانەوە نووسیویەتی، “خاوەنی کافێکە پارێزەرەکانی ئاگادارکردووەتەوە شانازی بە پەیوەندییەکانیەوە دەکات لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکان و کەسایەتییە سیاسییە باڵادەستەکان”.

لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەندا، مانگی ئەیلولی رابردوو، ئەمین ئەلمەخاسۆسی، خاوەنی ئەو لقانەی ستاربەکس کە لە راپۆرتی ئاژانسە ئەمریکییەکەدا بە “ساختە” وەسف کراوە، رایگەیاندووە، “من بازرگانم” و ڕەتیکردەوە هیچ هەڕەشەیەکی کردبێت و ئاماژەی بەوەشکرد، “من ئاواتەخوازی کردنەوەی قاوەخانەیەکی ستاربەکس بووم لە عێراق”.

ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارییەکانی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی فەرمی بۆ “ستاربەکس” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەتکرایەوە، “پاشان بڕیارمدا لە هەر حاڵەتێکدا ئەو کارە بکەم و بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیش هەڵبگرم”.

ئاژانسەکە دەڵێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاندووە کە کارەکەی فرۆشتووە، بەڵام کافێکان بەردەوامبوون لە کارکردن.

ئەلمەخوسی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە شێوازی یاسایی تاقیکردووەتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە ستاربەکس بۆ کردنەوەی لقێک لە کوەیت ڕەتکرایەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵیداوە لەڕێگەی پەیوەندییەکانی ئەمریکاوە بگاتە ستاربەکس، بەڵام ئەو پەیوەندیانەش کاریگەرییان نەبووە، بەپێی ئاژانسە ئەمریکییەکە.

ئەو بڕیارەکەی بۆ کردنەوەی لقێک بە هەر شێوەیەک بێت وەک “سەرکەوتنێک بەسەر سەختییەکاندا” نیشاندەدات، ئاماژە بەوە دەکات کە کوپ و دارەکان و سەرجەم کەلوپەلەکانی دیکەی ستاربەکس لە تورکیا و ئەوروپا بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی دابینکردووە و دەشڵێت “قاوە و هەموو شتێکمان ستاربەکسی ئەسڵیی”.

وتەبێژی ستاربەکس بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، کۆمپانیاکە “هەنگاوەکانی داهاتوو هەڵدەسەنگێنێت” و ئەرکی پاراستنی خاوەندارێتیی لە ئەستۆ دەگرێت بۆ پاراستنی مافە تایبەتییەکانی.

بەگوتەی کۆمپانیا زیانلێکەوتووەکان، ساختەکاری، براندە ناسراوەکان دەخاتە مەترسییەوە و داهاتی لەدەستچووی کۆمپانیاکان بە ملیارەها دۆلار دەبێت بەوهۆیەوە و تەنانەت هەندێک کات ژیانیش دەخاتە مەترسییەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتە بەغداد

بابەتی دواتر

کارەبای سلێمانی گۆڕانکاری لە بەرنامەی مۆلیدەکاندا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share