بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، رایگەیاندووە، سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان کە پێویست و گونجاون بۆ سەیرانگەی سەرچنار و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خێزانەکان دابیندەکات.
لە روونکردنەوەکەی نوسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، خزمەتگوزارییەکانی رووناککردنەوەی شەقامەکان، ناشتنی نەمام و سەوزکردنی زیاتر و جوانترکردنی باخچەکان، پاککردنەوەی سەیرانگەکان، دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ خەڵک لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە هەروەها دروستکردنی شوێنی یاریی منداڵان لە خۆدەگرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم هەنگاوەی سەرۆک بافڵ دەستپێکی راگەیاندنی پرۆژەیەکی گەورەترە بەناوی (ئاشتکردنەوەی سلێمانی) و لە سەیرانگەی سەرچنارەوە وەک سیمایەکی مێژوویی و گرنگی شارەکە دەستپێدەکات و لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ سلێمانی بەردەوام دەبێت.