ئەمشەو درێژترین شەوی ساڵ نییە

سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی گۆڕانکارییە گەردوونییەکان سبەی شەو درێژترین شەو دەبێت لە نیوەگۆی باکووری زەوی.

ئەژی چەتۆ سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بەپێی ئەو خشتە گەردوونییەی کە هەیە، رۆژی پێنجشەممە دیاردەیەکی گەردونی روودەدات لە هەردوو نیوە گۆی زەوی، کە لە نیوەگۆی باکووری زەوی وەرگەڕانی زستانە روودەدات و لە نیوەگۆی باشوور وەرگەڕانی هاوینەی پێدەوترێت”.

وتیشی، “ساڵانە کاتی روودانی ئەم دیاردەیە جێگیر نییە، هەندێک ساڵ 20ی کانوونی دووەم دەکات، هەندێک ساڵ 21هەندێک ساڵیش 22ی مانگ دەکات”.

باسی لەوەشکرد، “ئەمساڵ لە کاتژمێر 12:47 خولەکی شەوی 21 لەسەر 22ی کانوونی دووەم وەرگەڕانی زستانە لای ئێمە روودەدات و پێدەنێینە وەرزی زستانەوە”.

ئاشکراشیکرد، “لای ئێمە بۆنەیەکی کلتووری هەیە کە شەوی یەڵدای پێدەوترێت واتە درێژترین شەوی ساڵ کە شەوی 20 لەسەر 21ی کانوونی دووەم یادی دەکرێتەوە، بەڵام لە رووە فەلەکییەکەوە سبەی شەو دەبێتە درێژترین شەوی ساڵ کە کاتەکەی لە 13 کاتژمێر کەمتر نییە”.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

بارانبارین دەستپێدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share