ئیدارەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، چەندین ملیۆن دۆلار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە لە عێراق تەرخاندەكات و ئەوانەی دزی لە گەلی عێراق دەكەن سزایان دەدات.
دەیڤد شینكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك كە ماوەی دوو ڕۆژە بە سەردانێك لە بەغداد-ە ڕایگەیاند، “وتووێژی فراوانمان لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كردووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، گفتوگمان كرد سەبارەت بە رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە ئازاد و بێگەرد بێت.”
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك ئاشكرایكرد، “ئەمریكا 10 ملیۆن دۆلار تەرخاندەكات بۆ پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی سەرخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە لە عێراق.”
سەبارەت بەو سزایانەی ئەمریكا بەسەر هەندێك كەسایەتی و گرووپی عێراقیدا سەپاندوونی، شینكەر وتی، “وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئەوانە دەكاتە ئامانج كە لە تیرۆر و گەندەڵییەوە تێوەگلاون، بەردەوامیش دەبین لە پۆلێنكردن و سزادانی هەموو ئەوانەی دزی لە گەلی عێراق دەكەن.”