عەلی حەمەساڵح رایدەگەیەنێت، بە نیوەی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت دەتواندرێت پێش سەری ساڵ مووچەی مانگی كانونی یەكەم بدرێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی بەغداد دەینێرێت بەناوی تەواوکاری مووچەیە بۆ مانگی تشرینی دووەم و كانونی یەكەم.
ئەو دەڵێت، “172 ملیار دیناری بۆ زۆنی سلێمانیە، 228 ملیاری دیناری بۆ زۆنی هەولێر و دهۆکە”
مووچەی مانگی تشرینی یەكەم بەبێ بەغداد ئامادەیە، وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێدا و وتی، “بۆ مانگی كانونی یەكەم داهاتی نەوت لە 25ی مانگەوە دەگەڕێتەوە، دەتواندرێت بە 200 ملیاری بەغدادەوە پێش سەری ساڵ مووچەی مانگی ١٢ بدرێت و 200 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە”.
دووپاتیشیكردەوە، بۆ مانگی كانونی دووەمی ساڵی ئایندە دەتواندرێت مووچە رێکبکرێتەوە و لە کاتی خۆیدا بدرێت.
پەرلەمانتارەكە ئاماژە بەوەشدەكات، لەگەڵ بەغداد رێککەوتن بکرێت مانگانە پشکی هەرێم نزیکەی یەک ترلیۆن و 300 ملیار دینار دەبێت، بەو داهاتانەی ناوخۆوە کە ناگەڕێتەوە، داهاتی مانگانە دەگاتە یەک ترلیۆن و 500 ملیار، کە 900 ملیار بۆ مووچەیە و 600 ملیار بۆ پرۆژە و خەرجی و بوارەکانی دیکە دەمێنێتەوە، بۆیە بژاردەی دروست رێککەوتنە لەگەڵ عێراق.