لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 170 یاسای هەڵپەسێردراو لە پەرلەماندا هەیە، هاوکات ئاماژە بە دەنگدان لەسەر یاسای بودجە لە خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمان دەکات.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، “لە سەرجەم لیژنەکانی پەرلەمان زیاتر لە 170 یاسای هەڵپەسێردراو هەن و لە خوولەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کەڵەکە بوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دوو هۆکار هەیە بۆ دواکەوتن و دەرکردنی یاسا، یەکەمیان ژمارەی زۆری یاساکان و پەکخستنیانە لە خوولەکانی پێشوودا، هۆکاری دووەمیش ڕووداوە سیاسییەکانن کە لە ساڵی یەکەمی یاسادانانی خولی ئێستادا ڕوویانداوە”.
راشیگەیاندووە، “بەڕای من پێویستە کاربکرێت بۆ داڕشتنی خشتەی یاسا هەڵپەسێردراوەکان”.
باس لەوەشکراوە، “دوای تەواوبوونی کابینەکە، هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران یاساکان دەرنەکات”، جەختیشیکردەوە، “خولی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران شایەتحاڵی دەرکردنی زۆرێک لە یاسای گرنگ دەبێت، لەنێویاندا یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023”.