حەسەن كەعبی بەیاننامەیەك لەسەر كێشەكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە

حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان بنێت و پەلەبكات لە خەرجكردنی موچە، دەشڵێت، كێشەی دواكەوتنی موچە پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نییە.

حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 8ی كانونی یەكەم لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كێشەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كێشەی ئەمڕۆ نییە، هەروەها بەهۆی دانەنانی ئەو بڕگەیە نییە كە پەیوەندیدارە پێیانەوە لە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە بەمدواییە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەراوە دەنگی لەسەردرا.

دەشڵێت، “كێشەكە نزیكەی چوار ساڵ پێشتر دەستی پێكردووە، ئەوەی پەیوەندیداریشە پێوەی تەنها حكومەتی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی داوا لە هەرێم دەكەین دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغداد بكەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ گشت دۆسییەكان لە چوارچێوەی دەستور و بەتایبەتیش پرسی موچە، بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە بژێوی و ژیانی خەڵكەوە هەیە كە پێویستە دووربێت لەهەر ناكۆكییەك، ئەوان لە سەرەتا و كۆتاییدا بەشێكن لە سیستمی ئیداریی دەوڵەت”.

كەعبی داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد هەنگاوی جدی بنێت بۆ چارەسەری كاروبار و پرسە كێشەدارەكان كە دەبێتە هۆی پەلەكردن لە خەرجكردنی موچەی دواكەوتووی فەرمانبەران، سەرەڕای پشتبەستن بە سیاسەتی هێوركردنەوە و ڕێزگرتن لە ئازادی ڕا و ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی هێمنانە كە مافێكی شەرعی هەر تاكێكی عێراقییە.

دوپاتیشیدەكاتەوە، “مانەوەی دۆخەكە بەمجۆرەی ئێستای و گوێنەگرتن لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایی بەرامبەر دواكەوتنی موچە، گرفتەكان زیاتر دەكات و دەمانگەیەنێتە گۆشەیەكی نائارام”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، چەندین دەرچە هەن كە دەكرێت پەنایان بۆ ببرێت بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، لەوانە بەستنەوەی دۆسیەی دابەشكردنی موچەی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە و بەپێی ئەو یەكە ئیدارییەی بۆی دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر هەیە لەنێوان بەغداد و هەولێر لەگەڵ دامەزراندنی داتای زانیاری دروست كە بتوانرێت لەم پرسەدا پشتی پێببەسترێت.

لە 2ی ئەم مانگەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە چەند شار و ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژیشە خۆپیشاندانەكان گرژی و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا هێناوە.

خۆپیشاندەران ناڕەزایی بەرامبەر دۆخی دارایی و دواكەوتنی موچە نیشاندەدەن، بەتایبەتیش بەهۆی دواكەوتنی موچەی مانگی (10/ تشرینی یەكەم) كە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو دەستیپێكردووە.

بابەتی پێشتر

ئێران.. لەسەر پردێک ئاڵای ئیسرائیل هەڵواسراوە و نوسراوە "سوپاس مۆساد"

بابەتی دواتر

ڕوسیا داوا لە کوردەکان دەکات شارێکی ڕۆژئاوا بدەنە دەست حکومەتی سوریا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خۆپیشاندان لە كەركوك دەستیپێكرد

كاسبكارانی عەلوە و بازاڕی خان خورما لە كەركوك خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، داواكارن رێگەیانبدرێت لە شوێنكارەكانی خۆیان بمێننەوە. ئەو كاسبكارانە…
Total
0
Share