پەرلەمانتارانی كورد دەنگۆیەك لەبارەی نەناردنی بودجە ڕەتدەكەنەوە

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە بەرپرسانی بەغداد بە شاندی هەرێمیان وتووە، نەك ناتوانین پارەتان بۆ بنێرین، بەڵكو هەرێمی كوردستان پێویستە مانگانە 100 ملیار دینار ڕەوانە بكات، پەرلەمانتارانی كورد ڕەتیدەكەنەوە و بە بێبنەما ناویدەبەن.

دوێنێ و ئەمڕۆ ژمارەیەك لە میدیاكان بڵاویانكردەوە، بەرپرسانی بەغداد بە شاندی هەرێمی کوردستانیان وتووە، نەك ناتوانین پارەتان بۆ بنێرین، بەڵکو بەپێی ڕێككەوتنەكەمان دەبێت ئێوە مانگانە (100 ملیار) دیناریش بۆ بەغداد بنێرن.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەگەر ئەو دەنگۆیە ڕاستە بەغداد چۆن فشار ناكات بۆ داواكردنی ئەو پارەیە؟

وتیشی، “ئەم قسەیە هیچ بنەمایەكی نییە، لەبەر ئەوە نا كە بڵێم قسەكە كراوە یان نا، بەڵكو شتێك نییە وا بەئاسانی بێت، ئەگەر وایە بەغداد با فشار بكات و بڵێ با حسابات بكەین و پارەكەم دەوێت، بۆیە باوەڕناكەم دۆخەكە وابێت”.

بەپێی ئەو میدیایانە، سەبارەت بە میكانیزیمی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراق و پشكی هەرێم لە یاساكەدا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بە شاندی حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، عێراق بە (انفاقی فعلی) مامەڵە دەكات، واتا بەپێی ئەو پارەیەی مانگانە دێتە بەردەستیان و خەرجی دەكەن.

گوایە وەزیری دارایی عێراق، بەڕاشکاوی بە شاندی هەرێمی وتووە، “ئەگەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد جێبەجێ بكەین، نەك ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرین، بەڵكو دەبێت هەرێم مانگانە (100 ملیار) دیناری داهاتەکانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە”.

هەر دەربارەی ئەو پرسە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، حكومەتی عێراق ناتوانێت داوای هیچ بڕە پارەیەك بكات، چونكە ئەگەر مانگانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتیش ببڕێت، پشكی هەرێم كە 13%یە، هێشتا 7%ی دەمێنێتەوە.

وتیشی، “تائێستا شاندەكە بێدەنگە، دوایین جاریش جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم باسی لەوەكرد، كە نزیكن لە ڕێككەوتن، جگە لەوە هیچ زانیارییەكی نوێمان نییە لەسەر كۆبوونەوەكان”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی شارەوانی: بەزیاتر لە دوو ملیار دینار چەند پرۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێدەکرێت

بابەتی دواتر

كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ سلێمانی ئاگادارییه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share