هێمن هەورامی دەستلەكاردەكێشێتەوە

هێمن هەورامی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاردەكێشێتەوە، لیزا كاكەیی نیگەرانە و بڕیاریداوە دەستلەكاربكێشێتەوە، چونكە دەیویست ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام پارتی كەسێكی تری دەستنیشانكردووە.

هەریەك لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و لیزا كاكەیی و جوان رۆژبەیانی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دەستلەكاردەكێشنەوە و پرسەكە مشتومڕی ناوەتەوە.

هێمن هەورامی بووە بە بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی و دەستلەكاردەكێشێتەوە و زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەچێتە شوێنەكەی، لە كاتێكدا بڕیاربووە لیزا كاكەیی ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە شوێنی هێمن هەورامی، بەڵام لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی پارتی-ـدا بڕیاردراوە زانا مەلا خالید بچێتە شوێنی هێمن هەورامی و رێبوار بابكەیی بچێتە شوێنی زانا مەلا خالید، ئەمەش بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیی نیگەرانكردووە و لیزا كاكەیی بڕیاریداوە دەستلەكاربكێشێتەوە.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارانەدا، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رەخنەی لە پارتیی گرتبوو و نووسیبووی، “دیموكراسییەكەی پارتی زۆر جیاوازە، حزبەكەی من دڵی زۆر گەورەیە ئەوەی دەرنەچێت قەرەبووی دەكاتەوە، (وەك ئاماژەیەك بۆ زانا مەلا خالید لە كۆنگرە دەرنەچوو، رێبوار بابكەیی لە هەڵبژاردنی فراكسیۆن دەرنەچوو بۆ ئەندامی كۆنگرە) واتە بە كورتی دەرچووەكان پشوویەك بفەرموون، دەرنەچووەكانیش ببن بە مارشاڵی گەورە”.

دوای بڵاوكردنەوەی ئەو نووسینە رەخنەئامێزە لەلایەن ئەندامەكەی فراكسیۆنی پارتییەوە، هەرزوو پێیانسڕییەوە و دیارنییە ئەنجامی ناڕەزایەتییەكانی ناو پارتی بەرەو كوێ دەگات؟.

بابەتی پێشتر

بکوژی گەنجە یەکەمەکەی سەر ئاستی کەرکوک دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

تابلۆی "ئۆتۆمبێلە کشتوکاڵییەکان" دەگۆڕدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share