هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا لە بەریتانیا دەستپێکرد

یەکەم هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا، ئەمڕۆ سێشەممە 7ی کانونی یەکەم، لە بەریتانیا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی یەکەم وڵاتبوو کە ڤاکسینی دژی کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەری پەسەندکرد و سەرجەم ئامادەکارییەکانی بەکارهێنانی لە هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدا.

یەکەم شوێن کە هەڵمەتەکە دەستیپێکرد تێیدا لەندەنی پایتەختی وڵاتەکە بوو، هەڵمەتەکەش لە کەسانی بەتەمەنەوە دەستیپێکرد، بۆ ئەوانەی تەمەنیان  90 ساڵ بەرەوسەرەوەیە، وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا ڕایگەیاند، تەنها لە 15 خولەکی یەکەمی هەڵمەتەکەدا 90 کەسی کە تەمەنیان لە 90 ساڵ بۆ سەرەوەیە  ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

وەزیری تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت، “ماندوبوونێکی زۆرمان لە پێشە تاوەکو ڤاکسینەکە بگەیەنین بە هەمووان، لە ئێستادا لە 70 نەخۆشخانەی وڵاتدا هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “تاوەکو وەرزی بەهار هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی زیاتر ئەگەری توشبوونیان بە کۆرۆنا هەیە کۆتایی دێت، هەروەها هەڵمەتی کوتانی بەرفراوان لە ساڵی داهاتوودا دەستپێدەکات”.

هەر ئەمڕۆ ڕەوانەکردنی ڤاکسینەکە بۆ نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری وڵات دەستپێدەکات و نزیکەی 800 هەزار ژەم (جرعە) لە ڤاکسینەکە ڕەوانە دەکرێت لە ناو ئامێری ساردکەرەوەدا لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا.

مات هانکوک، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا ئەمڕۆی بە (ڕۆژی سەرکەوتن) وەسفکرد هاوشێوەی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووەم.

بەریتانیا لە هەفتەی ڕابردوودا بەکارهێنانی ڤاکسینی (فایزەر – بایۆنتیک)ی ڕاگەیاند وەک یەکەم وڵات لە جیهاندا، لەو چوارچێوەیەشدا 50 نەخۆشخانەی ئینگلتەرا و نەخۆشخانەکانی سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندای باکور ڕاهێنانیان بە کارمەندەکانیان کرد بۆ دەستپیکردنی گەورەترین هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا.

لەگەڵئەوەشدا ڕێنمایی دراوەتە سەرجەم نەخۆشخانە و کارمەندانی تەندروستی بەشدار لە هەڵمەتەکەدا قۆناغی یەکەمی بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لە هەشتاکان یان سەروو ئەو تەمەنەن.

بەپێی میدیاکانی بەریتانیا شاژن ئەلیزابێس و شازادە فیلیپی هاوسەری لەو کەسانەن کە ڤاکسینەکەیان پیدەدرێت وەک یەکێک لەو کەسانەی تەمەنیان سەروو 90 ساڵن.

حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەم هەڵمەتە سەرەتایەکە بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی بەشێوەیەکی پلە بە پلە لە دەوروبەری وەرزی بەهاردا.

بابەتی پێشتر

کامیان باشترن؟ کریستیانۆ ئەم وەرزە بەسەر مێسیدا سەرکەوتووە

بابەتی دواتر

گەیشتنی ستافی یوڤانتۆس بۆ شاری بەرشلۆنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share