کومان: توڕەم و ئەوەشم بە یاریزانان ڕاگەیاندووە

ڕۆناڵد کومان توڕەبوونی لە یاریزانانی بەرشلۆنە پشتڕاست دەکاتەوە

ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، ڕۆناڵد کومان بەر لە ڕوبەڕوبوونەوەی یانەی یوڤانتۆس لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا پرێس کۆنفرانسێک ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

ڕاهێنەرەکە توڕەیی خۆی لە ئاستی پێکهاتەکە و ئەنجامە تۆمارکراوەکان دەربڕی و چەندین تەوەری گەرمی میدیایی وروژاند.

ئامانجتان چییە لە روبەڕوبوونەوەی یوڤانتۆس؟

ئامانجمان یاریکردنە بە شێوەیەکی باش و بەردەوامبوونە لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەمان، هەموو ئەو خەسڵەت و توانایەمان تیادایە لە لوتکەدا بەردەوامبین.

دیمبیلی چۆن پێکراوە و بارودۆخی چۆنە؟

پێکانی یاریزانێکی دیکەی پێکهاتەکە خەمباری کردم، هەستی بە ئازارکرد، دیمبیلی مێژووی لەگەڵ پێکانەکاندا هەیە و بەهۆی ئاڵۆزی خشتەی یارییەکانەوە دەناڵێنین، پێموابێت یاریزانی دیکەش لەدەستدەدەین، کاتی تەواومان بۆ ڕیکەڤەری لەبەردەمدا نییە.

لەم بارودۆخەی لالیگا چ بەرپرسیارێتییەک هەڵدەگرن؟

بەرپرسیاریەری لەسەر شانی یاریزانانە، پێویستە لەپێناو تەندروستییاندا سیستمی خولانەوە پەیڕەوبکەین، ئەوەش ئەرکی منە.

هەست بەچی دەکەیت؟

ئەوەی ڕوودەدات دڵخۆشکەر نییە، جیاوازی لە نێوان دۆڕاندنی شەوی شەممە و ڕوبەڕوبوونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید هەیە، پێویستە خوێندنەوە بۆ لێکدانەوەی ڕکابەران بکەین، من نمایشناکەم، توڕەم و ئەوەشم بە یاریزانان وتووە، ناکرێت بەو شێوەیە گۆڵمان لەسەر تۆماربکرێت.

چ پەیامێکت بە یاریزانەکانت داوە؟

بوونم لێرە بەرپرسیاریەتییە، ئەوەی لەناوخۆی یانە ڕوودەدات لە ناوخۆی یانە دەمێنێتەوە، هەندێک بابەت هەیە بە ڕاهێنان چاکناکرێت، پێویستمان بە لێکدانەوە و شیکاری زیاترە بۆ دۆخەکە، دەبێت کاراتربین لە ڕوبەڕوبوونەوەکان و دۆڕاندن کەمبکەینەوە، ڕێژەیەکی زۆری خاڵمان لەدەستداوە.

بەهۆی مێسییەوە هەڵایەک دروستبووە، تووشی دڵەڕاوکێ نەبوویت؟

دەمەوێت وەک هەر یاریزانێکی دیکە لەگەڵ مێسی لەبارەی شێوازی یاریکردن و بابەتە تاکتیکیەکانەوە قسەبکەم، نەک لە بارەی بابەتەکانی دەرەوەی یاریگا، چونکە لەو سنوورەدا من هیچ جیاوازییەکم پێدروست ناکرێت.

لە چ پێگەیەکدا حەزدەکەیت یاری بە پێدری بکەیت؟

پێدری لە زۆرینەی یارییەکاندا بەشداریکردووە و ئەوەش بۆ 17 ساڵێک زۆرە، لە چەندین پێگە یاریدەکات و چۆنیەتی یاریکردنی لەسەر پێگەی ڕکابەران وەستاوە، بابەتەکە تاکتیکیە، بەڵام ئەوەندە بزانن ناوبراو یاریزانێکی زیرەکە و دەزانێت چۆن کاری خۆیدەکات.

چ هەڵەیەکتان لە لالیگادا کردووە؟

یانەکانی خولی ئیساپانیا لە نمونەی قادیش و ئالاڤێس دەزانن چۆن بارودۆخ لە یانە گەورەکانی وەک ئێمە ئاڵۆزبکەن، ئەگەر لەو یارییانەدا براوەبووینایە ئێستا لە دۆخێکی دیکەدا دەبووین، پێویستە ئەم یارییانە بکوژین و زوو یەکلاییبکەینەوە.

کێشە لە پێگەی سەنتەری هێرشبەریدا هەیە؟

چەندین یاریزان حەزیان بە یاریکردنە لە سەنتەری هێرشبەری و لە باڵەکان باشتر نمایشدەکەن، هەندێکیان سەربەستی جموجۆڵیان هەیە لەنمونەی کۆتینیۆ، ناشکرێت بە پێنج سەنتەری هێرشبەریەوە یاریبکەین.

هەندێک لە یانەکان لەناو یاریگا دەنگ بەرزدەکەنەوە گەرموگوڕییان پێوەدیارە بە تایبەت ڕاهێنەران..

پێویستمان بە بوونی کەسانێک نییە لە دانیشتگای یاریگا هاندەرمان بێت، ئێمە لە یانەکانی دیکە کاراترین، منیش حەزم بە هاوارکردن نییە، وەک یاریزانێک حەزم پێی نەبووە و بەهەمان شێوە یاریزانەکانم، تەنها پێویستمان بە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە.

چی بەو کەسانە دەڵێیت کە پێیان وایە مێسی یەکلاکەرەوە نییە؟

گرنگترینە لە هێڵی هێرشبەری یانەکەمان، زۆرینەی گۆڵەکان لە لیۆوە دەستپێدەکەن، ئاسانکاری بۆ هێرشەکان کردووە.

هەمیشە پیانیچ لە چامپیۆنزلیگ سەرەکییە و لە لالیگا یاری پێناکەیت، هۆکار چییە؟

بڕیارەکان تاکتیکین و ڕۆڵی لە یوڤانتۆس جیاوازە، هێشتا فشاری لەسەرە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات باشتر دەبێت.

بەرەوپێشچوونی دی لێخت لەگەڵ یوڤانتۆس چۆن دەبینیت؟

سەرەڕای تەمەنە گەنجەکەی، ئەزموونێکی زۆری کۆکردووەتەوە، لە پێگەکەی خۆیدا دەتوانێت ببێتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان، بەڕاستی شەرمەزارییە لە یوڤانتۆس یاریدەکات و لای ئێمە نییە.

دەکرێت کریستیانۆ پاڵپێوەنەربێت بۆ گەڕانەوەیەکی بەهێز؟

پاڵپێوەنەر نییە، بەڵکو یارییەکی بەهێزە لەنێوان دوو یانەی گەورە، کریستیانۆ یەکێکە لە باشترینەکان و  بەردەوام تۆڕی گۆڵی ڕکابەران دەهەژێنێت، دەزانین کە دەتوانێت گورزمان لێبدات، بۆیە پێویستە لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ بەرگرییەکی باشبکەین.

کێبڕکێی نێوان مێسی و کریستیانۆ چی بۆ تۆپی پێ کردووە؟

زۆر ناوازەن و چەند ساڵێکە لەناو یاریگا دەیانبینین، باشترینی 15 ساڵی ڕابردوو بوون، ئەوان جیاوازن، بەجدی کاردەکەن و گۆڵی وەها تۆماردەکەن باوەڕپێکراو نییە، سەرسامم بە هەردووکیان، ساتی خۆشیان بەهەمووان بەخشی و هیوادارم لەم ڕوبەڕوبوونەوەیە تاموچێژ لە ئاستیان وەربگرین.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، سێشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

سێ حزب دوای پێنەدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان لە هەولێر نا ڕەزایی دەردەبڕن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share