شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكاتەوە

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا شاندی هەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغداد بكاتەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێم لەگەڵ بەغداد.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم كە تێیدا هاتووە ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو كە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد و كۆبوونەوەكانی شاندەكە لەگەڵ شاندی حكومەتی فیداڵی سەبارەت بە دۆسییەكانی ( بەشە بودجەی هەرێم، نەوت و غاز، گومرگ، دەروازە سنوورییەكان و دیوانی چاودێری دارایی).
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی هەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغداد بكاتەوە و لیژنە لاوەكییەكانی هاوبەشی هەردوولا دەست بە كۆبوونەوەكانیان بكەن.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی نەخشەڕێگا و میكانیزمی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كران و ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵی بۆ سەر لە نوێ پێكهینانەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق كرد كە بەشێكە لە كارنامەی وزاريی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵی، داواش دەكات بودجەی پێویست بۆ ئەم لیژنەیە تەرخانبكرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەرنج و تێبینییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق خستەڕوو كە بە پێچەوانەی دەستووری عێراق ئامادەكراوە و وەك دەسەڵاتێكی ڕەهای فیدراڵی دەقەكانی پڕۆژەكە داڕێژراون، لە كاتێكدا بەگوێرەی ماددەی ( 114 /حەوتەم) لە دەستووری عێراق، بابەتی داڕشتنی سیاسەتی سەرچاوەكانی ئاو لە دەسەڵاتە هاوبەشەكانە و بەپێی ماددەی( 115) دەستوور، لە كاتی هەبوونی ناكۆكی، پێشەنگیی بۆ یاسای هەرێمەكانە.

وەزیری كشتوكاڵ جەختیكردەوە، كە داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرچاوەكانی ئاو، بەپێی دەستوور ڕێكخراوە و هەرێم بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ماف و دەسەڵاتە دەستووریەكانی خۆی نابێت و پێویستە حكومەتی فیدرالی و هەرێمی كوردستان هەماهەنگ و هاوكاربن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە سەرچاوە ئاوییەكان وەربگیرێت كە سەرچاوەیەكی گرنگیی نیشتیمانییە.

بابەتی پێشتر

پێكدادانی دوو شەمەندەفەر لە بەرشەلۆنە 155 برینداری لێدەكەوێتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share