ئەوەی لە وێنەكەدایە (جودی)یە ئەو منداڵە دوو ساڵانەی لە باوەشی كارمەندێكی فریاگوزاریدایە، ڕاستەوخۆ پاش ڕوداوێكی هاتوچۆ كە تیایدا دایك و باوكی مردن.
وێنەكە بە خێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتیش لوبنان بڵاوبووەوە.
ڕوداوە كارەساتاوییەكە لە (ئۆتۆستراد ئەسەد) لە لوبنان ڕویدا، كە شەقامەكە بە زۆری ڕوداوەكانی هاتوچۆ ناسراوە، بەپێی ئەو چیرۆكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە، لە ڕوداوەكەدا دایكی بە جەستەی خۆی جودی پاراستووە، هەر ئەمەش هۆكاری زیندوێتی نەوە و مردنی دایكەكەیە.
چیرۆكەكە لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەژاند، دوای ئەوەی كۆمەڵەی (یازا) كە چالاكە لە بواری هۆشیاریی هاتوچۆ وێنەی فریاگوزارەكەی تیمی خاچی سوری بڵاوكردوەتەوە كە لەنێو یەكێك لە ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەكاندا جودی لەباوەشگرتووە لەمیانەی گواستنەوەی لە شوێنی ڕوداوەكەدا.
چالاكوانان سەرەڕای ناوبردنی فریاگوزارەكە بە “پاڵەوان”، نیگەرانی خۆیان بەو ڕوداوەی بەسەر منداڵ و خێزانەكەیدا هات دەربڕیووە، سەرەڕای جەختكردنەوە لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بۆ دوركەوتنەوە لە ڕوداوی هاوشێوە.