وەزیری نوێی ژینگە بۆ ئێستا: بە سووربوون و شایستەیی یەكێتی ئەو پۆستەمان بەدەستهێناوە

وەزیری نوێی ژینگە رایدەگەیەنێت، بە سووربوون و شایستەیی دەنگ و پێگەی، یەكێتی دووەم پۆستی وەزاری بەدەستهێناوە و دەشڵێت، پۆستەكە بەكاردەهێنێتەوە بۆ خزمەتی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە كاندیدانی هەردوو وەزارەتی ژینگە و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەخشی.

بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان نزار محەمەد سەعید ئامێدی، كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك وەزیری ژینگە متمانەی پێدرا.

نزار ئامێدی، وەزیری نوێی ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بە سووربوونی یەكێتی و هاوپەیمانیمان لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەپێی شایستەیی دەنگەكان و پێگەكەی دوو وەزارەتمان وەرگرتووە و كۆتایی پێهاتووە.

وتیشی، “بە دڵنیاییەوە پۆستەكە بەكاردەهێنرێتەوە بۆ خزمەتی گشتیی عێراق و خەڵكی هەرێم”.

وەزارەتی ژینگە وەزارەتێكی گرنگە و لە دونیادا گرنگی پێدەدرێت، چونكە ئەم هەسارەیە خۆی لە مەترسیدایە. ئامێدی وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەر لە دوو هەفتە كۆنگرەیەك لەسەر پرسی ژینگە لە شەرمشێخ ئەنجامدرا و بە وەفدێكی سەرۆكایەتی لەگەڵ دكتۆر لەتیف رەشید بەشداربووە.

نزار ئامێدی دووپاتیشیكردەوە، جیهان گرنگییەكی زۆر بە پرسی ژینگە دەدات، ئەوانیش لەرێی ئەو گرنگیپێدانە نێودەوڵەتی و جیهانییەوە دەتوانن سوودی لێوەربگرن بۆ عێراق، هەرێمی كوردستان و هەر شوێنێك كە پێویستی بە ژینگەپارێزی بێت و تووشی كارەساتی ژینگەیی بووبێت.

بابەتی پێشتر

مباپێ لە ڕۆژنامەنووسان ڕادەکات، هۆکار چییە؟

بابەتی دواتر

ئەفسەرێكی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share