‎هەڤاڵ ئەبوبەكر: دۆخی سه‌ختی وڵاته‌كه‌مان پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و یه‌كڕیزیی هه‌یه‌

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانیی له‌ داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و داكۆكیی له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌ درێژخایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین و دەشڵێت، ‎دۆخی سه‌ختی سیاسیی و حكومڕانیی وڵاته‌كه‌مان؛ پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مان هه‌یه.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی كانونی یەكەم لە بڵاوكراوەیەكدا دەڵێت، ‎وه‌ك هه‌میشه‌؛ پشتیوانیی له‌ داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و داكۆكیی له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوو تاقه‌تپڕوكێن و درێژخایه‌نه‌كان و، ئازادیی ڕاده‌ربڕین و مێدیاو چالاكیی و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕین و خۆپیشاندانی هێمنانه ‌و مه‌ده‌نیانه‌ و، دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و توندوتیژیی و، پێداگریی له‌ ته‌جریمكردنی شه‌ڕی یه‌كتریی و ته‌حریمكردنی یه‌كترسڕینه‌وه‌؛ ده‌كه‌ین.

هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پەیجی خۆی نوسیویشیەتی، “‎ده‌ستبردن بۆ شكۆ و ژیان و ژینگه ‌و كار و كه‌سابه‌ت و بژێویی و موچه‌ و كاسه ‌و گیرفان و ده‌ره‌تانی هاووڵاتیان؛ به‌ ناڕه‌وا ده‌زانین”.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوەشدەكات، ‎متمانه ‌و پشتیوانیی ئێوه‌ی جوامێر؛ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی ئێمه‌ی له‌ گۆشه‌ی هێزێكی سیاسییه‌وه‌ بۆ پانتایی حكومڕانیی شیاو و ئیداره‌دانی پارێزگایه‌كی زیندوو گۆڕیوه‌، له‌م دۆخه‌ ئاڵۆز و ناجێگیر و پڕ له‌ قه‌یران و كێشانه‌دا؛ به‌ پشتیوانیی هه‌مووتان “مۆدێلێكی مه‌ده‌نیانه‌ی خزمه‌تگوزارانه‌ی حكومڕانیمان” بنیاتناوه‌.

جەختیشدەكاتەوە، له‌گه‌ڵ ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندنین، ‎هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی و هاوڵاتیی سه‌نته‌ریی و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ بۆ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر دەشڵێت، ‎دۆخی سه‌ختی سیاسیی و حكومڕانیی و ئابوریی و دارایی و ته‌ندروستیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاته‌كه‌مان؛ پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و به‌یه‌كگه‌یشتن و كاری هاوبه‌ش و یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مان هه‌یه‌، پێویستی به‌ گیانی به‌رزی لێبوردن و به‌یه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردن و هاوئامانجیی و یه‌كترقبوڵكردن و دیالۆگ و، هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی قۆناغه‌كه‌ هه‌یه‌.

بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوە: لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە دەستوەرداتە كاروباری عێراق

بابەتی دواتر

ئەمریكا سزای بۆ 14 بەرپرسی چینی دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share