هۆشداریی پێشوەختە دەدرێت.. دۆلاری ئەمریكی زەرەرمەندی گەورەی 2021 دەبێت

بەردەوام دەبێت لە دابەزین

شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەكەن دۆلاری ئەمریكی لە ساڵی داهاتوودا دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت سەرەڕای هیواكان لەبارەی باشبوونی دۆخی ئابوریی جیهان لەسایەی هەڵمەتەكانی ڤاكسین دژ بە پەتای كۆرۆنا لە زۆرێك لە وڵاتاندا.

بەپێی ئەوەی سایتی (سی ئێن ئێن) لەژێر ناونیشانی (بۆچی دۆلار دەبێتە زەرەرمەندی یەكەم) دراوە ئەمریكییەكە لەمساڵدا بەڕێژەی نزیكەی 12% لە بەرامبەر دراوە سەرەكییەكانی دیكەدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، پاش گەیشتنی بە ترۆپك لە ئازاری ڕابردوودا.

هەفتەی ڕابردوو دۆلاری ئەمریكی بۆ نزمترین ئاست لە نیسانی 2018ەوە دابەزی، شارەزایان دەڵێن ئەم دابەزینە چەندین هۆكاری هەیە.

بەپێی وتەی شارەزایان دراوە ئەمریكییەكە سود لە كەشی متمانە سەبارەت بەباشبوونی ئابوریی جیهان وەرناگرێت، بەهۆی ئەوەی سروشتییە كە دۆلار لەكاتی دۆخە ئاساییەكاندا لاوازدەبێت، چونكە وەبەرهێنەران كاتێك پەنای بۆ دەبەن كە دۆخەكە ناهەمواربێت، ئەوكاتەی پێویستیان بە پەناگەیەكی ئارام هەیە.

سەرەڕای دووبارە بەرزبوونەوەی توشبوون بە كۆرۆنا لە جیهاندا، وەبەرهێنەران متمانەیان هەیە بە باشبوونی ئابوریی جیهان، لەسایەی هەڵمەتەكانی پێدانی ڤاكسین و پێشبینی ئەوەشدەكەن كە ئەو كوتانە ببێتە هۆی بوژاندنەوەیەكی گەورە لە ناوەڕاستی 2021دا.

ئەگەرچی پێدەچێت دۆلار سودی زۆری وەرگرتبێت لەو ڕەسم-انەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری لەسەر دا بەتایبەت بەرامبەر چین، بەڵام دۆخەكە لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراو جیاواز دەبێت كە پێشبینی دەكرێت ستراتیجێكی دیكە بگرێتەبەر.

ماریك هایڤیلی، شارەزا و بەرپرس لە كۆمپانیای (یو بی ئێس)ی دارایی پێیوایە ئەم سیاسەتە چاوەڕوانكراوەی بایدن سودبەخش دەبێت بۆ گەشەی ئابوریی جیهانی، بەڵام سودی بۆ دۆلاری ئەمریكی نابێت.

لاوازی دۆلار بە تەواوی نەرێنی نییە، بەڵكو ڕۆڵی هاریكاری دەبێت بۆ باشبوونی ئابوری، هۆكارەكەشی زیادبوونی خواستە لەسەر كڕین لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوردەكردن لێیەوە زیاددەكات كاتێك دۆلار نزم بێت، لەكاتێكدا تێچوو و خواست كەمدەبێتەوە كە دۆلار بەرزدەبێتەوە.

ئەم لاوازییەی دۆلار تەنها سود بە هەناردەكانی ئەمریكا ناگەیەنێت، بەڵكو سود بە بازاڕە تازە پێگەیشتووەكان ئەوانەی قەرزەكانیان بە دراوی ئەمریكی دەدەنەوە دەگەیەنێت، هەروەك نەوتی خاو بە دۆلار دەكڕدرێت، ئەمەش واتە بەدەستهێنانی وزە بە نرخێكی كەمتر.

بابەتی پێشتر

عێراق.. دەیان ملیار دۆلار گەندەڵی لە كەرتی كارەبا دا كراوە

بابەتی دواتر

دوو زیندانی لە چاكسازیی گەورانی هەولێر هەوڵی خۆكوشتنیان داوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دراوە جیهانییەکان

نرخی دراوە جیهانییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەم، لە بازارەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو نرخانەش دۆلاری ئەمریکی…
Total
0
Share