ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، رێگەنادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران بەکاربهێندرێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، “سەردانەکەم بۆ تاران لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی و بە مەبەستی پەرەدان بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بووە، لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا و دۆخی ناوچەکەمان تاووتوێ کرد”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “عێراق هاوکارییەکانی تاران لە ساڵی 2003 وە و لە جەنگی دژی چەکدارانی داعش لە یاد ناکات”.
باسی لەوەش کرد، “دۆسیەی ئابووری گرنگی زۆری هەیە بە لای حکومەتەکەمانەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئێران لەسەر چالاککردنی لیژنەی ئابووری هاوبەش رێکەوتین”.
هەر لەو کۆنگرەیەدا سودانی وتی، “پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە رووی ئەمنییەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، پابەندین بە جێبەجێکردنی دەستوور و رێگەنادەین خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکاربهێنرێت”.