بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئامانجی ئێمە پاراستنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و ڕەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیون لە ماڵی مام لە بەغداد كۆبوونەوە.

‌لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی وڵات تاوتوێكران و ئەرك و بەرپرسیارێتیی لایەنە سیاسییەكان بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی كارنامەی ‌حكومەتی نوێ گفتوگۆی لەبارەوەكرا. جەخت لە هەماهەنگی و هاریكاری بەردەوامی نێوان هێزە نیشتمانییەكان كرایەوە لە پێناو راپەڕاندنی ئەركە دەستووری و نیشتمانییەكان و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عێراق.

‌كۆبوونەوە بە ڕەچاوكردنی دۆخی سیاسی، ئابوری، ئەمنیی ئەمڕۆی عێراق داوایكرد بەرژەوەندیی نیشتمانی، پێكەوەیی و هاوبەشیی ڕاستەقینە بكرێنە بنەمای كاركردن و بەهێزكردنی پایەكانی حوكمڕانی، هەروەها پشتگیریی لایەنەكان بۆ سەرخستنی بەرنامەی ‌حكومەت و پڕۆسەی چاكسازی، وەك فاكتەرێكی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری لە وڵاتدا وەسفكرا، داواشكرا ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەرێكی ڕیشەییانەی بۆ بدۆزرێتەوە و دەستوور بكرێتە پێوەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ناكۆكییان لەسەرە.

‌سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا خواستی هەرێم و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە و ڕایگەیاند، “ئامانجی ئێمە پاراستنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و دەمانەوێت تەبایی و پێكەوەژیان بكەینە بنەمای كاركردن و هەموومان لە پێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانمان هەوڵبدەین، دڵنیاین دەتوانین لەگەڵ برا و دۆستەكانمان وڵات بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و یەكسانی ئاراستە بكەین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بین”.

بابەتی پێشتر

سودانی 180 ملیار دیناری دزراو دەگەڕێنێتەوە

بابەتی دواتر

شاندی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەشتی عومرە رادەگیرێت

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایدەگەیەنێت، 18ی ئایاری ئەمساڵ رێگانادرێت هیچ كەسێك بۆ گەشتی عومرە سەردانی سعودیە بكات ئەوەش…
Total
0
Share