ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ژمارەیەک بڕیاری سەبارەت بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا دا، ڕاشیگەیاندووە، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاراستنی سنوورەکان.
دوێنێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ئامادەبوونی شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە کوبووەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و چەند بڕیارێک سەبارەت بە سنوورەکان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە دران.
بەپێی بڕیارەکان، جارێکی دیکە دیکە هێز لە سنوورەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران بڵاودەکرێنەوە، هەروەها پێداویستییە لۆجیستییەکان بۆ هێزە سنوورییەکان دابیندەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت تاوەکو بتوانرێت بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن.