یەكێتی كەسی یەكەمی سەرجەم لایەنەكان بانگێشتی كۆبوونەوە دەكات

یەكێتیی بە فەرمی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ كۆبوونەوەیەك كە بڕیارە سبەی لە هاوینەهەواری دوكان بەرێوەبچێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخی هەرێم و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند تەوەرێكی دیكە.

سالار سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی راگەیاند، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبەكەی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

میدیای فەرمیی یەكێتی لەزاری سالار سەرحەد وتیشی، “تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، یەكێتی دەیەوێت كۆدەنگی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور و لەسەر بەرژەوەندی گشتی”.

بانگێشتكردنەكە كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی گرتووەتەوە بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی كورسی و، لەسەر بنەمای یەكدەنگیی هاوبەش بۆ پرسە نیشتمانییەكان، وەك ئەوەی لێپرسراوەكەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی خستەڕوو، كۆبوونەوەكە “لەسەر بنەمای خەمخۆرییە بۆ چارەسەری ریشەیی كێشەكان، ئەمەش ئەو سیاسەتە دروستەیە كە هەرێمی كوردستان و عێراق پێویستی پێیەتی و هەمان ئەو سیاسەتەیە كە سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەی بۆ داناوە”.

بانگێشتەكە ئاراستەی بەرپرسەكان كراوە و كۆبوونەوەكە بڕیارە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی سبەی لە هاوینەهەواری دوكان ئەنجامبدرێت.

بابەتی پێشتر

دژەتیرۆر: ژمارەیەك داواكراوی هەڵهاتوو دەستگیركران

بابەتی دواتر

بەرگریی شارستانیی هەولێر ئامادەكارییەكان بۆ رێگری لە لافاو ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی: ئەگەر دەنگی ناڕازیش هەبێت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناچارن ڕازی ببن

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵوێستی بزوتنەوەکە لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەڵێت، “تا ئێستا بڕیار نەدراوە کە…
Total
0
Share