لیژنەی دارایی: ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دادپەروەرانەیە

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند هەردوو دۆسیەی نەوت و دەروازەكان دەگرێتەوە و دەشڵێت، ڕێككەوتنەكە بۆ هەردولا “دادپەروەرانەیە”.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی كانونی یەكەم وتی، ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ئارادەیە دادپەروەرانەیە بۆ هەردولا و جێی پابەندییە بەهۆی ئەوەی لەلایەن هەردوو حكومەتەوە واژوو دەكرێت.

سەفار لە لێدوانێكی ئاژانسی ڕەسمی عێراق ئەوەشی وت، “ڕێككەوتنەكە هەردوو دۆسیەی نەوت و دەروازەكان دەگرێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “لە دۆسیەی نەوتدا سەرجەم بەرهەم و هەناردەی نەوتی هەرێم ئەژماردەكرێت، لەو بڕە پشكی كۆمپانیاكان دەردەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە و ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت، سەرەڕای 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بەپێی یاسای بەڕێوبردنی دارایی (ئیدارەی مالی)، لە بەرامبەر دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی ناوەند بەڕێژەی 12.67%”.

هەر ئەمڕۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمیی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، “بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، لەبەرامبەردا دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت و %50ی داهاتی خاڵە سنورییەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات”.

ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەم ڕێککەوتنە هەمان ئەو ڕێککەوتنەیە کە پێشتر لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا لەسەری ڕێککەوتبوون، بەڵام هەندێک بڕگەی بۆ زیادکراوە، ڕێککەوتنەکە لە پرۆژەیاسای ساڵی 2021دا جێگیردەکرێت و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ بڕیاردان لەسەری”.

ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەدوای پەسەندکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ڕاگرتنی ناردنی بڕی 320 ملیارەکە بۆ هەرێم زیاتر بوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد.

دوای گەڕانەوەی شاندی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە، ”بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی تشرینی یەكەم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە”.

بابەتی پێشتر

ئەڵمانیا.. بۆمبێكی زەبەلاحی جەنگی دووەمی جیهان هەزاران كەس ئاوارە دەكات

بابەتی دواتر

مەشقە ئامادەکاریەکانی ڕیاڵ مەدرید بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بوروسیا مونشنگلادباخ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

منداڵێک لە ئاوی دوکاندا خنکا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:00 منداڵێک کەوتووەتە ناو ئاوی دوکانەوە و خنکاوە، بەبێ ئەوەی کەسوکارەکەی پێی بزانن، دواتر کەسوکارەکەی…
Total
0
Share